سەرچاوەكانی تەناهی زانیاری نوێ تایبەت بە دۆسیەی ئەو لایەنانەی لە پشت هێرشی درۆنەكانەوەن لە عێراق ئاشكرا دەكەن، كە بەردەوام شەوانە ئامانجە گرنگەكانی ئەمەریكا لە هەولێر و بەغدا بۆردمان دەكەن، بەردەوامبوون و زیاتربوونی ئەم كارانە مەترسیی ئەوەی دروست كردووە كە حكوومەتی عێراق، توانای نەبێ كە بێدەنگیان بكات و عێراق جارێكی تر ببێتەوە گۆڕەپانی جەنگ.
ئەو سەرچاوانە بۆ كەناڵی "ئەلحوڕە"ی ئەمەریكی دەڵێ، "گرووپە میلیشیاكانی سەربە كۆماری ئیسلامیی ئێران، تاكتیكی جیاواز و هەست پێنەكراو بۆ جێبەجێكردنی هێرشەكانیان بەكار دەهێنن، لەوانە بەخشینی پارە بە كارمەندانی حكوومەت، تا پرۆسەی هاتنی درۆن و كەلوپەل و پێویستییەكانی بێ هیچ كێشەیەك بگەنە ئەو شوێنانەی كە مەبەستیانە و لەو شوێنەوە مووشەكەكان هەڵدەدەن. لەلایەكی ترەوە پەستان لەسەر دەسەڵات دروست دەكەن كە بە دوای بكەرانی ئەو هێرشانە نەگەڕێن تا بگیرێن و لێكۆڵێنەوەیان لەگەڵ بكرێ.
دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی تەناهی كە تا ئێستە لەبارەی هێرشبەرانەوە لەلایەن هێزەكانی تەناهی حكوومەتی عێراق ئەنجام دراوە، ئەوە دەردەخەن كە ئەو لایەنانەی لە پشتی ئەو هێرشانەوەیش، بریتین لە كەتیبەكانی حزبوڵا و میلیشیاكانی نوجەبا، بەڵام ئەوان بە ناوی موقاوەمەی ئیسلامیی ئێران بەرپرسیاریەتی هێرشەكان ڕادەگەیەنن، بۆ ئەوەی ناسنامەی خۆیان بشارنەوە، بەمەیش مەترسی بە ئامانجگرتنیان لەلایەن ئەمەریكا و ئیسرائیل كەم دەكەنەوە.
ئەفسەرێكی عێراقی لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە قسەی كردووە، بەڵام ئامادە نییە ناوی بڵاو بكرێتەوە بۆ ئەوەی بە سەلامەتی لە ژیان بمێنێتەوە و دەڵێ، كێشەكە ئەوەیە كە توانیومانە و دەزانین كێن ئەوانەی هێرشەكان ئەنجام دەدەن، بەڵام كاتێك دەمانەوێ بیانگرین، لایەنە باڵادەستەكان دەستوەردان دەكەن و ڕێگە لە گرتن و لێكۆڵینەوە لەگەڵ بكەرانی ئەو هێرشانە دەگرن.
ئەو ئەفسەرە كە بۆ ئەلحوڕە قسەی كردووە زیاتر دەڵێ، هێزە فەرمییەكانی حكوومەت لەمدواییە توانیان ژمارەیەك تۆمەتبار بگرن، بەوەی كە بەرپرسن لە هەڵدانی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بۆ سەر بنكەی سەربازی ڤیكتۆریا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا و ئامانجی تریش لە ناوەوەی بەغدا.
هێمای بۆ ئەوەیش كرد كە یەكێك لەوانەی گیراوە ئەفسەرە بە پلەی "موقەدەم" لە هێزەكانی پۆلیس و فەرماندەی فەوجێكی پۆلیسە، لە لێكۆڵینەوەكاندا ددانی بەوەدا ناوە كە ئەو یارمەتیدەر بووە لە گواستنەوەی درۆنەكان لە ناوچەی شوعلەی باكوری بەغدا بۆ ناوچەی گەڕەكی جیهانی نزیك لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، بۆ ئەوەی لە خاڵەكانی پشكنین بێ وەستان و بێ كێشە بڕوات و داوای ناسنامە و پشكنینی ئۆتۆمبێلەكەی بكرێت.
ئەو ئەفسەرە گیراوە و تۆمەتبارانی تریش بە هەمان دۆسیەیە كە گیرابوون، سەرجەمیان سەر كەتیبەكانی حزبوڵا بوون لە عێراق، سەرەڕای ئەوەی گیران و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كرا و ددانیان بە تاوانەكەیان نا، بەڵام چەند سەعاتێك لە گرتووخانە ماونەوە و دواتر پەستان و فشاری زۆر لەلایەن ئەو گرووپە میلیشیایەوە لەسەر حكوومەت دروست كرا و دواجار بە ناچاری ئازاد كراون.
بنكە سەربازیی ڤیكتۆریا لە ڕۆژئاوای بەغدا و نزیك فڕۆكەخانە، هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق و هێزەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی تری هاوپەیمانان تێیدا جێگیرن. جیا لەوە باڵوێزخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە بەغدا، بەردەوام ئامانجی هێرشەكانن، سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی تەناهی بەڵگەی یەكلاكەرەوەیان لەسەر تێوەگلاوان و جێبەجێكارانی هێرشەكان هەیە، بەڵام ناتوانن هیچ ڕێوشوێنێكیان لە دژ بگرنەبەر. هۆكاری ئەمەیش بۆ مەترسیی حكوومەت دەگەڕێتەوە كە لە ئەگەری گرتنەبەری ڕێوشوێن دژیان، ئەو گرووپانە دەست بە كاردانەوە بكەن و دۆخی بەغدا بە تەواوی تێكبدەن.
هەفتەی پێشوو حكوومەتی عێراق جووڵەی كرد و فەرمان بە هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق كرا كە بارەگایەكی حەشدی شەعبی لە ناوچەی زەیوونەی ڕۆژهەڵاتی بەغدا كە هێزەكانی ناو بارەگای حەشد بەرپرس بوون لە هەڵدانی درۆنەكان، هەڵمەتەكە تەواوی ئامادەكارییەكانی تەواو بوو، بەڵام لە دوا چركە فەرمانی جێبەجێكردنی هەڵوەشێنرایەوە، هێزەكە دووبارە گەڕایەوە شوێنی خۆی. لەو ڕۆژەدا شایەتحاڵان دووپاتیان لەوە كردووەتەوە، دوو ئۆتۆمبێلی جۆری هەمەری سەربە هێزەكانی دژە تیرۆر لە بەردەم بارەگاكەی حەشدی شەعبی بوون.
دواتر حەشدی شەعبی سەرجەم ئەو زانیارییانەی ڕەت كردەوە كە باسیان لەوە دەكرد، هێزیكی تەناهی بارەگایەكی حەشدیان پشكنیوە، بە هەموو شێوەیەك ئەو زانیارییانەیان ڕەت كردەوە، بە دڵنیاییشەوە حاڵەتەكە بەمشێوەیە بوو، هێزەكان چوونەتە شوێنەكە و فەرمانیان پێكراوە، بەڵام ڕاوێژكارێكی حكوومەت دەڵێ، بەر لەوەی هێزەكان بچنە ناو بنكەكەوە، ئەبو فەدەك محەمەداوی سوپاسالاری حەشدی شەعبی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق قسەی كرد، دووەمیان دواتر فەرمانی بە كشانەوەی هێزەكان كرد.
ئەو ڕاوێژكارەی حكوومەت دەڵێ، محەمەداوی لە میانەی قسەی لەگەڵ سوودانی، هەڕەشەی وەڵامدانەوەی لە بەرانبەر هەر هەڵمەتێكی سەر حەشد یان گرتنی ئەندامانی حەشدی شەعبی كردووە. ئەم هەڕەشەیە وایكرد سوودانی فەرمانی كشانەوەی هێزەكان دەربكات، تا ڕێگریی لە دروستبوونی ئاڵۆزی و پشێوی لە عێراق بكات.


وەڵام بدەوه