ئەمڕۆ چوارشەممە 3/25، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سۆران ئامادەی ڕێورەسمی پرسەی شەش پێشمەرگە بوو کە لە هێرشی مووشەکيی ئێراندا شەهید بوون.
سەرۆکی حکومەت دوای بەشدارییکردنی لە پرسەکەدا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، وێڕای سەرەخۆشیکردن لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان و خەڵکی کوردستان، جەختی لە درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدان کردەوە. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند: بە خەمێکی قووڵەوە سەرەخۆشی لە جەنابی سەرۆک و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و لە خۆمان دەکەین بۆ لەدەستدانی ئەو شەش شەهیدە قارەمانە. هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین.”
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە، ئەمانە شەهیدی غەدر و خیانەتن و بەبێ هۆکار ئەم هێرشەی سەر پێشمەرگە ئەنجامدرا. گوتیشی بەهۆی خوێنی ئەو شەهیدانە ئێمە بە سەربەرزی لە وڵاتەکەماندا دەژین و کوردستانەکەشمان بەهۆی خوێنی شەهیدانمان بە بەهایە، هەر وەکوو چۆن هیچ کاتێک خوێنی شەهیدان بە بە فیڕۆ نەچووە، ئەمجارەش هەر وا دەبێت.
سەرۆکی حکومەت جەختیشی کردەوە، کە ئێمە نامانەوێت تێکەلی هیچ شەڕێک ببین و دەمانەوێت کوردستان پارێزراو بێت و بۆ ئەمەش هەر شتێک پێویست بێت بۆ پاراستنی کوردستان و بەرگریکردن لە کەرامەت و ماف و خاک و وڵاتی خۆمان دەیکەین و لەسەر ئەم ڕێگەیە، ڕێگەی شەهیدەکانمان و ڕێگەی سەرۆک بارزانی بەردەوام دەبین.


وەڵام بدەوه