ئەمڕۆ یەکشەممە 2026.4.5، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی هیمن قادر، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی نەوت و کانزاکان و لایەنی دیكەی پەیوەندیداری بواری سووتەمەنی ئەنجامدرا.
لەكۆبوونەوەكەدا، كە هەریەك لە بەرێوەبەری كاروباری ناوخۆ و بەرێوەبەری نەوت و كانزاكان و بەرێوەبەری دابەشكردنی خۆراك و بەڕیوەبەرانی كاروباری دابەشكردن بەشداربوون، تیشک خرایە سەر میکانیزمی نوێی دابەشکردنی غازی ماڵان بەسەر هاووڵاتییاندا لە ڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنی و بە وردی باس لە پرۆسەی دابەشکردنی غاز لە گەڕەکەکان کرا، کە لە ڕێگەی بریکارەکانەوە و بە چاودێریی ڕاستەوخۆی لایەنە حکومییەکان بەڕێوەبچێت. ئەم هەنگاوەش بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی بازاڕ، ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و دڵنیابوونەوە لە گەیشتنی غاز بە یەکسانی و بە نرخی حكومی بۆ هەموو ماڵان، تاوەکو هاووڵاتییان لە گەڕەکەکانی خۆیاندا بەبێ گرفت پشکی مانگانەیان پێبگات.
لەوبارەیەشەوە، پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە پارێزگا بە هەموو توانایەکییەوە هەوڵ دەدات بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەی کەمیی غاز و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە کورتھێنانێک کە ببێتە بارگرانی بۆ سەر شانی هاوڵاتییان، بۆ ئەم مەبەستەش ئاشکرای کرد کە کار لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنی دیكەی پەیوەندیدار دەکرێت بۆ زیادکردنی پشکی ڕۆژانەی پارێزگای هەولێر لە غازی شل و خێراکردنی پرۆسەی گەیاندنی بە کارگەکان، چونكە لە ئێستادا بە هۆی ئەو بارودۆخەوە ڕێژەی غاز كەمی كردوو و دووچاری قەیران بۆتەوە.
هاوکات هۆشداری دایە هەموو کارگە و بریکارەکانی دابەشکردنی غاز کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە قۆرخکاری و بەرزکردنەوەی نرخ نادرێت و هەر کەسێک غاز بە گرانتر لە نرخی دیاریکراوی حكومی لە ڕێگەی كارتی ئەلكترۆنی بفرۆشێت، ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش داوای لەلایەنە پەیوەندیدارەكان كرد، چاودێریی وردی ئەو بابەتە بکەن و ئاسانکاری تەواو بكەن بۆ گەیاندنی غاز بە هاوڵاتییان لە هەموو گەڕەک و کۆڵانەکان.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، پارێزگاری هەولێر جەختی لە پێویستیی چارەسەرکردنی خێرای کێشەی کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنی کردەوە و بڕیاردرا ئاسانکاریی تەواو بکرێت بۆ ئەو خێزانانەی تازە هاوسەرگیرییان کردووە و هێشتا مامەڵەی جیاکردنەوەی فۆرمی خۆراکیان تەواو نەکردووە، لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو هاوڵاتییانەی لە سنووری ماددەی 140ن، تا لە نزیکترین کاتدا كێشەكانیان چارەسەربكرێت.


وەڵام بدەوه