جەماوەری كۆڵنەدەر، خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان.
ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادی دامەزراندنی پارتیمان دەکەینەوە، ئەو پارتەی داکۆکیکارێکی ڕاستەقینەی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمانە، ئەو یادەى کە وێستگەیەکی هەرە گرنگی خەباتی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان و کاروانێکی نەسرەوتووی تێکۆشانی سیاسییە بۆ داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان و بنەماکانی دیموکراسی، هەروەها بیرهێنانەوەی خەباتێکى تەمەن هەشتا ساڵەی وەرچەرخان و قوربانیدان و ئەزموون و سەرچاوەی سروشی بەهاکانی ئازادی و دیموکراسیشە.
ئەو بۆنەیە تەنیا بیرەوەرییەکی ڕاگوزەری دامەزراندنی پارتێکی سیاسی نییە، بەڵکوو بەرجەستەکردنی ئیرادەی ئازادیخوازانە بۆ ڕەتكردنەوەی پیلانى دوژمنان و زوڵم و زۆرداریی لەسەر ڕێبازی حەکیمانەی "بارزانیی نەمر" کە ئەوسا زەمینەیەکی سەردەمیانەی بۆ چەمکی كوردایەتی داڕشت و بە پەیڕەوکردنی بەها شۆڕشگێڕییەکان، پەرەی بە بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورستان دا. خەباتی هەمەلایەنەی پارتیمان لە شۆڕشەكانی ئەیلوول، گوڵان، ڕێککەوتننامەی 11ی ئادار و ڕاپەڕینی 1991، گەواهی ئەوەن كە هێزێكی پێشەنگی پشتئەستوور بە جەماوەر و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانە و هەمیشە بە كولتووری دایالۆگ هەوڵی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەكان داوە.
لە یادی هەشتاساڵەى دامەزراندنى پارتیماندا جەخت لەسەرئەوە دەکەینەوە، کە وەفاداریی بۆ مێژووی پارتی و قوربانیدانی تێکۆشەرەکانی تەنیا بیرهێنانەوە نییە، بەڵکوو ئەزموونی ئەو رابردوو و مێژووە، بەرپرسیاریەتییەکی نەتەوەیی و نیشتیمانییە لەهەمبەر ئێستا و ئایندە لە رێگای پاراستنی دەستکەوتەکانمان و دوورخستنەوەى هەرێمى کوردستان لەو ئاڵۆزىیە سیاسی و گرژى و شەڕ و پێکدادانانەى دەوروبەرمان، هەروەها پاراستنى کوردستان و ڕێگاگرتن لەوەى ببێتە شوێنێک بۆ کاریگەرى خستنەسەر ئەمنیەتى دراوسێکانمان و ڕێزگرتنى دوولایەنەى بەرژەوەندییەکان و، بەهێزکردنی پێگەی دەستووریی هەرێم و کاراکردنەوەی پەرلەمان وەکو ئەرکێکی مێژوویی و پێکهێنانی کابینەی دەیەم و حکوومەتێکی بەهێز، هەروەها بەهێزکردنی یەکڕیزیی و رێزگرتن لە فرەیی پێکهاتەکان و پتەوکردنی سەقامگیریی و ئاشتەوایی لە هەرێم. خەڵکى خۆڕاگر و پشوودرێژى هەرێمى کوردستان لەو ساڵانەى ڕابردوو سەلماندویانە خۆشەویستى نیشتمان و گەلەکەیان لەسەرووى هەموو بابەتێکى دیکەوەیە، بۆیە بە ئەرکى خۆمانى دەزانین بەوپەڕى تواناوە کار بۆ چارەسەرى کێشە و گرفتەکان بکەین بە ئاراستەى دابینکردنى ئاسایش و پێداویستییەکانى ژیانێکى سەرفرازانە.
لەیادى (16)ى ئابدا، دەستى دۆستایەتى و پێکەوەکارکردن بۆ تەواوى لایەنە سیاسییەکانى بەشدار لە پڕۆسەى سیاسیى عێراق درێژدەکەین، ئەرکى هەموومانە بە جیاوازى بیر و بۆچوونى سیاسى، بڕواى ئاینى و مەزهەبییەوە پێکەوە هەوڵبدەین عێڕاق بۆ هەمووان بێت و دورى بخەینەوە لە تێوەگلان لە شەڕ و ئاژاوەى ناوچەکە و، هەموو پێکهاتەکان پێکەوە بە بەرپرسیاریەتییەوە شێوازێکى حوکمڕانى دروست و سەردەمیانە بگرنە بەر، ئەمەش لە پێناو بەرژەوەندى خەڵکى عێراقە، هەروەکو بە ئاشکرا وتومانە عێراق توشى کێشەى زۆر کراوە، ڕەوا نیە چیتر لەو بازنەیە بسووڕێتەوە، چونکە خەڵکى عێراق هیچى دیکە بەرگەى ئەو هەموو نەهامەتیانە ناگرێت، ئەمەش بەرپرسیاریەتى ئەخلاقى، نیشتمانى و ئاینییە.
بەو بۆنە مێژووییە قوربانیدانی تێکۆشەران و پێشمەرگە و شەهیدەکان بەرز دەنرخێنین و ئەوانەی گیانیان لە پێناو ماف و ئازادی و سەروەری نەتەوە و خاک وگەلەکەمان بەخشی، هەروەها تێکۆشان و کۆڵنەدانی نەوە لەدوای نەوەکانی رێگای پارتایەتی و رێبازی بارزانیی نەمر.
لەم یادە پڕ شکۆیەدا، پەیمان بۆ گەلی کوردستان و سەرۆک (مەسعود بارزانی) دووپات دەکەینەوە کە لەسەر ڕێبازی ڕەسەنی کوردایەتی بەردەوام بین بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان.
سڵاو بۆ دامەزرێنەر و ڕابەری ڕێبازی کوردایەتی (مستەفا بارزانیی نەمر) و کاکە (ئیدریسی هەمیشە لەیاد) و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
سوپاس و پێزانین بۆ کادیران، ئەندامان و لایەنگرانی پارتیمان، هەروەها گەرمترین پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دەکەین.
سەرکەوتن بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمانە، بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان


وەڵام بدەوه