یژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لە پڕۆژەی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی ۲۰۲۷دا، بڕیاری بەهەمیشەییکردنی سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست و کرێکارانی ڕۆژانە لە تەواوی وەزارەت و دامەزراوەکاندا جێگیر کراوە.
عودەی عەواد، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد کە لیژنەکەیان لەگەڵ وەزیری دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە و تێیاندا بڕیار دراوە پرۆسەی بەهەمیشەییکردنەکە گشتگیر بێت؛ بە جۆرێک کە هیچ مەرجێکی وەک بوونی دوو یان سێ ساڵ خزمەت بۆ سوودمەندبوون لەم بڕیارە دانەنرێت.
لە لایەکی دیکەوە، وەزیری دارایی عێراق جەختی کردەوە کە دەقی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە پڕۆژەی بودجەی ۲۰۲۷دا تۆمار کراوە و تەواوی هەنگاوە دارایی و تخنیکییە پێویستەکانی بۆ هەژمار کراوە. بەپێی ئەم ڕوونکردنەوانە، فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێمی کوردستانیش ڕاستەوخۆ دەبنە بەشێک لە پرۆسەکە و دەکرێنە هەمیشەیی، بەتایبەت دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای لە حکوومەتی فیدراڵی کردبوو کە گرێبەستەکانی بۆ بکاتە هەمیشەیی و وەزیری دارایی عێراقیش بەڵێنی ئەرێنی لەو بارەیەوە داوە.
جێی ئاماژەیە، ئەم بڕیارە لە ئێستادا لە قۆناغی پڕۆژەیاسای بودجەدایە و جێبەجێکردنی کۆتایی و کەوتنەواری کارپێکردنی، بەستراوەتەوە بە پەسندکردنی فەرمیی پڕۆژەیاساکە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.


وەڵام بدەوه