کوردستان پرێس:
وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لەسەر فراوانکردنی وەرگرتنی هاوبەشی قوتابیان و خوێندکاران لە نێوان زانکۆکانی عێراق و هەرێم بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو ڕێککەوتن، و ژمارەی کورسییەکانیان بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە.
وردودرشتی هەواڵ
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندیی حکومی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، وەک درێژەپێدەری هاوکاریی زانستی و ستراتیژیی نێوان هەردوو حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوان بە سەرۆکایەتیی پ.د. حەیدەر عەبد زەهد، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری زانستی، و بە ئامادەبوونی پ.د. سەباح ابراهیم وەییس، ڕاوێژکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکانی فەرمانگەکانی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون، نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان، و توێژینەوە و پەرەپێدان لە هەردولا بەڕێوەچوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی مەلفە زانستییە هاوبەشەکان کرا و میکانیزمەکانی بەهێزکردنی هاوکاریی ئەکادیمی و لابردنی ئاستەنگە کارگێڕی و هونەرییەکانی بەردەم ڕێکارەکانی وەرگرتنی هاوبەش و هاوتاکردنی بڕوانامەکانی نێوان هەردولا خرانە بەر باس.
ئەنجامی کۆبوونەوەکە
دیدارەکە گەیشتە ئەو بڕیارەی کە ئاسۆی وەرگرتنی هاوبەشی قوتابیان و خوێندکاران بۆ ساڵی نوێی خوێندن فراوان بکرێت، بە جۆرێک:
لە خوێندنی بەراییدا (بەکالۆریۆস) بڕیاردرا ژمارەی کورسییەکان لە ٤٠٠ کورسییەوە بۆ ١٠٠٠ خوێندکار بۆ هەردولا زیاد بکرێت.
لە خوێندنی باڵاشدا (ماستەر و دکتۆرا) کورسییەکان لە ١٠٠ کورسییەوە بۆ ٢٥٠ خوێندکار بۆ هەردولا بەرزکرایەوە.
#kurdistanpress


وەڵام بدەوه