*پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە*
پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و جێگر و سکرتێری پەرلەمان دەکەم.
هەروەها پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە ئەندام پەرلەمانە نیشتمانپەروەر و تێکۆشەر و چاونەترس و خەمخۆرەکانی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ پارێزگاریکردن لە شەرعیەت و کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
بڕیاری ئەمڕۆی ئێوە، وەفادارییە بۆ خوێنی شەهیدان و ویستی دەنگدەران و ئەم هەنگاوە، سەرخستنی ئیرادەی خەڵکی کوردستانە.
کاراکردنەوەی پەرلەمان، پابەندبوون و پێگیریکردنە بە جێبەجێکردنی پرۆسەی دیموکراسی.
هیوادارم لە ڕۆژانی داهاتوودا، ئەندام پەرلەمانەکانی تریش، بەشداریی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکەن و ئەرکی نیشتمانی و شەرعی و ئەخلاقیی خۆیان جێبەجێ بکەن و لە ئاستی بەرپرسیاریەتیی و متمانەی دەنگدەرانیان بن.
هەر لێرەشدا داوا لە گشت لایەنەکان دەکەم، لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتیمانی، بێنە پێشەوە، بۆ ئەوەی پێکەوە، خزمەتێکی شایستەتری گەل و نیشتمانمان بکەین و دەسکەوتە دەستوورییەکانمان بپارێزین.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2026/11/4


وەڵام بدەوه