بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە دروستکردنی (پۆند) دەدات و لە ئێستاشدا دەست بە دروستکردنیان کراوە.
دکتۆر کاروان سەباح هەورامی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دەست بە دروستکردنی پۆند لە هەرێمی کوردستان کراوە و ئێستا بەشێکیان لە بواری جێبەجێکردندان و بەشێکیشیان دراونەتە کۆمپانیا، بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن، ئەوانەی هەولێریش چاوەڕێی ئەوە دەکەین باران بارین تەواو بێت، ئینجا کاریان تێدا بکەین".
هەورامی گوتیشی: "رەزامەندیی دروستکردنی 41 پۆندمان هەیە لە هەرێمی کوردستان، کە بەشێکیان دەستیان پێ کراوە و بەشێکیشیان تەندەریان بۆ کراوە، بەردەوامیشین بۆ ئەوەی لە هەموو هەرێمی کوردستان پۆند دروست بکەین".
دەشڵێ: "مەبەست لە دروستکردنی ئەو پۆندانە، سوودوەرگرتنە لە ئاوی باران و سەرزەوی و کۆکردنەوەی، بۆ ئەوەی کەمتر پشت بە ئاوی ژێرزەوی ببەسترێت، چونکە ئەمە وا دەکات ئاوی ژێرزەوی بپارێزرێت و کۆگاکانی ئاوی ژێرزەوی پڕ بکەینەوە لەو رێگەوەیەوە، کە ئەمەش سوودی زۆری دەبێت بۆ ئەوەی خەڵک بۆ خواردنەوە و کشتوکال و ئاژەڵداری بەکاری بێنێت، بۆیە بەردەوام دەبین لە دروستکرندنی پۆند و حکوومەتیش گرنگییەکی زۆر بە دروستکردنی پۆند دەدات، کە بودجەیەکی باشی بۆ دابین کردووە و بڕەکەی دەگاتە 26 ملیار دینار".
وەڵام بدەوه