جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، بڕیار دراوە دوو لیوای دیکە بۆ سنوورەکان دروست بکرێن، کە هەردوو لیواکە لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبن و لە بودجەشدا پارە بۆ دروستکردنیان تەرخان کراوە.
سەگڤان سندی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بڕیار دراوە هێز بۆ سنوورەکانی هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت و سنوورەکان هەمووی کۆنترۆڵ دەکرێت، کە دوو لیوای نوێی بۆ دروست دەکرێت و لە سنوورەکان بڵاوەیان پێ دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە بودجەدا پارەیان بۆ تەرخان کراوە، بۆ ئەوەی لیواکان دروست بکرێن.
سندی گوتیشی، هەر کاتێک پێکهێندران لەسەر سنوورەکان جێگیر دەکرێن، کە ئێستا دوو لیوا هەن و دوو لیوای دیکەش دروست دەکرێن و ئامادە دەکرێن، کە ئەوانیش هاوشێوەی دوو لیواکەی دیکە لە سنوورەکان جێگیر دەبن و هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکرێت.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، ئەو دوو لیوایە لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبن و لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیش جێگیر دەکرێن، بۆ ئەوەی سنوورەکان بپارێزن و کۆنترۆڵیان بکەن.
وەڵام بدەوه