بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی پاڵپشتییەکانی حکوومەت بۆ کەرتی کشتوکاڵ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران چوار ملیار دیناری بۆ کەرتی کشتوکاڵ خەرج کردووە.
د. زێدان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە چوارچێوەی پاڵپشتییەکانی حکوومەت بۆ کەرتی کشتوکاڵ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران چوار ملیار دیناری بۆ لەنێوبردنی قڕکەر لە کەرتی کشتوکاڵ خەرج کردووە و پارەکە بۆ ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانە.''
بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان گوتیشی: ''پارەکە لە وەزارەتی دارایییە و دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان بۆ لەنێوبردنی قڕکەر بەکار دێت، چونکە ساڵانە چەندین قڕکەر دەبنە ھۆی لەنێوچوونی بەرھەمی جووتیاران و زەرەرمەند دەبن.''
د. زێدان محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''پێشتریش تا ساڵی ٢٠١٨ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی جیاوازەوە پاڵپشتیی ھەبووە بۆ جووتیاران، چونکە پلانی حکوومەت ئەوەیە زیاتر گرینگی بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت و ببێتە کەرتێکی سەرەکی لە ھەرێمی کوردستان، بێگومان وەزارەتیش وەک بەشێک لە حکوومەت و تایبەتمەند بەو کەرتە پلانی خۆی ھەیە.
وەڵام بدەوه