بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، چوار سایلۆی گەورە لە هەرێمی کوردستان دروست کراون و دروست دەکرێن، کە سێ لەوانە دروست کراون و یەکێکیش لە قۆناغی تەندەریندایە، کە هەر یەکێک لەوانە 40 هەزار تۆن دەگرێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە هەرێمی کوردستان چوار سایلۆی گەورە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست کراون و دروست دەکرێن، کە سێ لەو سایلۆیانە دروست کراون و یەکێکی دیکە لە پارێزگای هەڵەبجە لە قۆناغی تەندەریندایە، کە هەر یەکێک لەوانە 40 هەزار تۆن دەگرێت و چەندین کۆگاشیان بۆ دروست کراوە.''
نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی: ''لە ئیدارەی گەرمیان سایلۆیەک بە گوژمەی 20 ملیار و 672 ملیۆن و 663 هەزار دینار دروست کراوە کە 40 هەزار تۆن دەگرێت و پێنج کۆگاشی لەگەڵدایە و لە ناحیەی ڕوڤیا سایلۆیەکی دیکە دروست کراوە کە ئەویش 40 هەزار تۆن دەگرێت و چوار کۆگاشی لەگەڵدایە بە گوژمەی 17 ملیار و 948 ملیۆن و 700 هەزار دینار و لە ناحیەی قوشتەپەی سەر بە هەولێریش سایلۆیەکی گەورە دروست کراوە کە 40 هەزار تۆن دەگرێت و 10 کۆگاشی بۆ دروست کراوە، ئەویش بە گوژمەی 21 ملیار و 276 ملیۆن و 835 هەزار دینار و لە پارێزگای هەڵەبجەش سایلۆیەک دروست دەکرێت کە 40 هەزار تۆن دەگرێت و پێنج کۆگاشی لەگەڵ دروست دەکرێت، کە لە قۆناغی تەندەریندایە و تەندەری بۆ ئامادە کراوە.''
ئەمەش لە کاتێکدایە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا گرنگییەکی تایبەت بە کەرتی کشتوکال دەدات و بەردەوام کار دەکات و هەوڵ دەدات ئەو کەرتە پێش بخات و بەرهەمی جووتیارانیش ساخ بکرێتەوە، بۆیە دروستکردنی سایلۆش یەکێکە لەو هەنگاوانە.
وەڵام بدەوه