گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان ئاشکرای کرد، کۆتا بڕیاری حکوومەت بۆ کەسوکاری شەھیدان ئەوەیە ئەوانەی پێشتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوون، شوقەیان پێ دەدرێت و لەلایەن لیژنەی باڵاوە ڕێکارەکانی دابەشکردنی شوقە بەسەر کەسوکاری شەھیداندا دیاری دەکرێن.
عادل مەلا ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ساڵانی ڕابردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو ناوچەکان ژمارەیەکی بەرچاوی زەوی بەسەر کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسیدا دابەش کردووە، بەڵام دیارە دابەشکردنی زەوی نەبووەتە ھۆی چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون، لەبەر ئەوەیش لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری شەھیدان و ئەنفالکراوان پێشنیاری کرد لەبری زەوی، شوقە بۆ کەسوکاری شەھیدان دروست بکرێت.''
گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان گوتیشی: "لیژنەیەکی باڵا لە وەزیری شەھیدان و داد و دارایی و فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون پێک ھاتووە و کار لەسەر ڕێکارەکانی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەھیدان دەکرێت و دروستکردنی شوقە بووەتە بڕیار و لە ٢١ی مانگی ڕابردوو فەرمانی وەزاریی دەرچووە.''
عادل مەلا ساڵح ڕوونی کردەوە: "ھەموو ئەو خێزانانەی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی و جینۆساید کە پێشتر سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی، سوودمەند دەبن لە یەکەی نیشتەجێبوون و لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون مەرج و پێوەرەکانی سوودمەند بۆ کەسوکاری شەھیدان لەلایەن لیژنەی باڵاوە دیاری دەکرێن، بەڵام ئەوانەی پێشتر سوودمەند نەبوون، بە دڵنیایییەوە سوودمەند دەبن.
وەڵام بدەوه