نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا رایگەیاند، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانە دوو رۆژییەکەی بۆ وڵاتی فەڕەنسا، چوار کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجام دا و لەو کۆبوونەوانە سەرۆکی فەڕەنسا پشتگیریی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و، هانی کۆمپانیاکانی فەڕەنسا درا بێن زیاتر لە هەرێمی کوردستان کار بکەن.
عەلی دۆڵەمەری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەنجامی سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فەڕەنسا زۆر باش بوو و چەندین کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجام دا، لە یەکەم کۆبوونەوەشدا سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا، پێشوازی لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی کرد و، باس لە دۆخی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا کرا و ماکرۆن زۆر خۆشحاڵ بوو بە سەردانەکە، بۆ ئەوەی پەیوەندیی هەرێم و فەڕەنسا زیاتر گرنگیی پێ بدرێت و پێش بخرێت، دواتریش لەگەڵ سەرۆکی سیناتی فەڕەنسا کۆبووەوە و تێیدا باس لە پەیوەندیی هەرێم و فەڕەنسا و بەغدا و شەڕی داعش کرا.
دۆڵەمەری گوتیشی، هەر لەو سەردانەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاوی بە سەرۆکی شارەوانی پاریس کەوت و لە کۆتا کۆبوونەوەش لەگەڵ دەزگای فەڕەنسی بۆ بازرگانی کۆبووەوە، بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی فەڕەنسا هان بدرێن بێن لە هەرێمی کوردستان زیاتر کار بکەن، بۆیە چوار کۆبوونەوەی زۆر گرنگ لە میانەی دوو رۆژی سەردانی سەرۆکی حکوومەت ئەنجام دران.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی نیشان دا کە هەرێمی کوردستان ئامادەی هەموو هاوکاری و پشتگیرییەکی هاتنی کۆمپانیاکانی فەڕەنسا دەکات بێن لە هەرێمی کوردستان کاری وەبەرهێنان بکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا رۆڵی خۆی ببینێت.
دەشڵێ، بە شێوەیەکی گشتی دیدارەکە زۆر گرنگ بوو و سەرۆکی فەڕەنسا پشتگیریی خۆ بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، کە ئەوان بەردەوام دەبن لە هاوکاری و پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان.
وەڵام بدەوه