سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ئاڕ تی بانک لەبارەی راگرتنی فرۆشتنی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی لە لقەکانی هەولێر و دهۆک دەڵێت، بەهۆی "تەزویرکردن"ـەوە بووە نەک بەهۆی کەمیی دۆلارەوە. دەشڵێت، ئەمریکا بەدواداچوون دەکات لەبارەی ئەو کەسانەی پارە وەردەگرن و گەشت ناکەن.
هەمیلە گەردی، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ئاڕ تی بانک لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری ئابووریی رووداو کە رۆژی 22-2-2023 پەخشکرا، رایگەیاند، سەرەتا کڕیاری راستەقینەی دۆلاریان هەبووە، بەڵام دوای زیادکردنی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران کە بڕەکەی دەگەیشتە 7 هەزار دۆلار، بابەتی تەزویر دروستبووە.
هەمیلە گەردی دەڵێت، حکومەتی ئەمریکا و بانکی ناوەندیی عێراق ئاگادارن لەوەی کەسانێک بە ناوی گەشتیارییەوە دۆلار وەردەگرن و گەشت ناکەن، بۆیە ئەمریکا بەدواداچوون دەکات و لە رێگەی (سیریاڵ نەمبەر)ـەوە کە لەسەر دۆلارەکانە، ئەمریکا دەزانێت لەکوێ خەرجدەکرێن.
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، ئەگەر کەسێک دۆلار بەشێوەی کاش بەناوی گەشتیارییەوە وەربگرێت و لەو وڵاتەی گەشتی بۆ دەکات خەرجی نەکات و بیهێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، "کێشەی بۆ دروست دەبێت." هەروەها گوتی، "لە ماوەی 30 رۆژدا ناوی ئەو کەسانە دەچێتە ئینتەرپووڵەوە کە گەشتیان نەکردووە."
ئەو کەسانەی گەشت دەکەن ناویان تۆمار دەکرێت، هەمیلە گەردی دەڵێت، خەڵک ئاگاداری مەترسییەکانی کڕینی دۆلار بە ناوی گەشتکردنەوە نین، یەکێک لەو کێشانەی بۆیان دروست دەبێت، پەیوەندیدارە بە پاسپۆرتەکەیانەوە. دەشڵێت، بەشێک لە نووسینگەکان و کەسانی دەوڵەمەند بە پارە خەڵک بۆ کڕینی دۆلار دەنێرن.


وەڵام بدەوه