Kurdistan Press - پڕۆژەی ھەژماری من. پڕۆژەی ھەژماری من. | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

پڕۆژەی ھەژماری من.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (هەژماری من) لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند، چەندین لایەنی گرنگی پڕۆژەی بەدیجیتاڵی كردن و بەئەلیكترۆنیكردنی مووچە دەخاتە ڕوو و دەڵێت: ”هەژمار بۆ نزیکەی یەك ملیۆن فەرمانبەر و دەزگا ئەمنییەکان و خانەنشینان دەكرێتەوە و پڕۆژەیەكی دیكەشمان هەیە، ئەویش بەدیجیتاڵكردنی پارەدانی هاووڵاتییە بۆ حكوومەت، کە پارەی ئاو و كارەبا و خزمەتگوزارییەكانی دیکە لەخۆ دەگرێت، ئەوەش لە رێگەی هەژمار و ئەپڵیكەیشنێكە لەسەر مۆبایل و پێویست ناكات بۆ پاردەدان سەردانی فەرمانگەكان بكەن، دەتوانن راستەوخۆ پارە بدەن.

مەڕوان ئازۆز ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (هەژماری من) لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرەتا گوتی: "پڕۆژەی (هەژماری من) بەشێكی سەرەكییە لە پلان و دیدگای سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بۆ كابینەی نۆیەم، پڕۆژەكە لە لایەن كۆمەڵە گەنجێك لە ئۆفیسی سەرۆك وەزیران، لە بەشی پڕۆژەتایبەتەکان و پەیوەندییەكان سەرپەرشتیی دەكرێت."

زیاتر گوتیشی: "لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا، ئێمە دەستمان بەكار كردووە بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە، سەرەتا كۆكردنەوەی داتا و زانیاری بوو لە دامەزراوەکانی حكوومەت، بەتایبەت لە وەزارەتی دارایی و خودی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێركاری، پاشان شیكردنەوە و وردبوونەوەمان بۆ داتاكان كرد و پاشان نەخشەڕێگایەكمان بۆ كاركردن دانا." 

باسی لەوەش كرد، پڕۆژەكە وەكوو قۆناغی یەكەم و ھەنگاوی تاقیكاری بۆ فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتان لە هەولێر دەستی پێ كرد و دوای دوو مانگ لە پەیوەندی و كاركردنی پێكەوەیی، كارەكە گەیشتە ئەنجام، گوتیشی: "دوو ئامێری پارەدانمان (ATM) لەوێ دانا، کە 24 كاتژمێر ئەو ئامێرانە لە كار دەبن، بۆ ئەوەی فەرمانبەران کاری خۆیانی پێ ڕایی بکەن.“

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (هەژماری من) دەشڵێت: "كارمەندانی ئەو نەخۆشخانەیە ئێستا خاوەنی كارتی بانكیی خۆیانن، دەتوانن مووچەی خۆیان بە كاش وەربگرن و دەشتوانن لە رێگەی ئینتەرنێتەوە كاڵا و شت و پێویستی بكڕن، دەشتوانن حەواڵەی ناوخۆیی و حەواڵەی نێودەوڵەتییش بكەن."

ئاشكراشی كرد، لە 28ی شوباتی 2023وە لە نەخۆشخانەكە 850 فەرمانبەر هەژماری بانكی و كارتیان هەیە.

ئەو گوتیشی: "فەرمانبەرانی كەرتی گشتی بە فەرمانبەری ئاسایی و خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان و سەربازییەكانەوە، بەشێوەیەكی گونجاو لە رێگەی ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) دەتوانن سوود وەربگرن، ئێمە بەنیازین لەگەڵ بانكەكان، هەزار بنكەی راكێشانی پارە لە تەواوی هەرێمی كوردستان دابندرێن و فەرمانبەران لەو شوێنانە دەتوانن پارەی خۆیان رابكێشن و پێویست بە نۆرەگرتن ناكات."

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (هەژماری من) ئاشكراشی كرد، لە مانگی شەشی ئەمساڵەوە ھەنگاو بە ھەنگاو دەست دەكرێت بە دروستكردنی هەژمار بۆ هەموو فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە ئەمنییەكان، گوتیشی: "پڕۆسەکە دوو ساڵی پێدەچێت، بۆ بەجێگەیاندنی تەواوی ھەنگاوەکانی. لەداھاتووشدا فەرمانبەران دەتوانن سوود لە ئۆڤەری بانکی، وەکو پاشەکەوت و قەرزکردن و زۆر خزمەتگوزاریی دیكە ببینن.

جەختیشی كردەوە، بە فەرمانی سەرۆك وەزیران، هەژماری بانكی بۆ كارمەندانی كەرتی تایبەتیش دەكرێتەوە، بۆ ئەوەی ماف و مووچەیان مسۆگەر بێت، گوتیشی: "ئێستا پڕۆژەكە تاقیكارییە، تاوەکوو مانگی شەش، هەرشتێك پێویست بێت بۆ پڕۆژەكە زیاد دەكرێت."

مەڕوان ئازۆز جەختی كردەوە: "پڕۆژەكە هەوڵدانە بۆ بەمۆدێرنكردنی كەرتی بانكی و دروستكردنی متمانە لەنێوان بانك و هاووڵاتییان و بانك و فەرمانبەراندا، ئەوەش گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی كوردستانی لێ دەكەێتەوە، هەروەها كارایی و شەفافیەتی حكوومەتیش زیاتر دەبێت و هەلی كاری زیاتریش دەستەبەر دەكرێت و مامەڵەش بە پارەی كاش كەمدەبێتەوە."

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه