دوای رووخانی بەعس و ڕاماڵینی پاشماوەکانیەوە، کوردستانیانی باشور لە رێگەی هەڵبژاردن و کەرنەڤالێکی دیموکراسی و سەرتاسەریدا، پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان هەڵبژارد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە درێژایی ساڵانی تەمەن و لە رێگەی کابینە وەزاریە یەک لە دوایەکەکانیەوە بەو ئیمکانیات و کەرەسە سنووردارەی لەبەردەستیدابووە، توانیویەتی تا ئاستێکی باش سیمای بەعس و وێرانکاریەکانی لە کوردستان بە گشتی و شارو شارۆچکە و گوندە لاتەریک و دوورەدەستەکان بسرێتەوە.
دەستی ئاوەدانی حکومەت و کارگوزاران دەوڵەت گەیشتۆتە هەموو کونج و کەلەبەرێک و ئەم هەوڵانە بوونەتە مۆرک و سیمای حکومەتی هەرێم بە ئاراستەی ئاوەدانی زیاتر و فرەرەهند و بنەبڕ یا کەم کردنەوەی کێشەو تەنگوتەڵەمەکانی هاونیشتیمانیانی سەرانسەری کوردستان.
ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرو حەقیقەتێکی رۆشنە هەر شوێنێک دەستی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری حکومەتی پێ گەیشتبێ، ئاوەدانی و سیمای جوانی شارستانی رووی لەو دەڤەرە کردووەو لە هەر شوێنێکیش حکومەت ئاستەنگ و کۆسپی خرابێتە بەردەم، پاشاگەردانی و کەموکورتی رووی لەو شوێن و دەڤەر کردووە.
بەداخەوە گەرمیان بە گشتی و پارێزگای سلێمانی بە تایبەتی لە ساڵانی رابردوودا بە هۆی ئەو فەزا فرەجەمسەری و فرەکوێخاییەی باڵی بەسەر ژینگەی سیاسی و رۆحی کارکردن و چالاکیە حکومیەکاندا کێشاوە، نەیتوانی سوود لە پرۆژە خزنەتگوزاریە فرەرەهەندەکانی حکومەتی هەرێم وەربگرێ و رووەو ئاوەدانی زیاترو گەشەی ئابوریەوە هەنگاو بنێت.
سەرباری سینگ فراوانی و هەوڵە بەردەوام و چڕوپڕەکانی حکومەتی هەرێم بۆ درێژکردنی دەستی هاوکاری و یارمەتیدانی کاربەدەستە لۆکالیەکانی حکومەتی خۆجێی گەرمیان، لێ مخابن بەهۆی گەورەکردنی ئاستەنگ و کێشە نانەوەو بە سیاسی کردنی قەیران و تەنگژەکانەوە، حکومەتی هەرێم پڕوباڵی کرا و پانتای کارو چالاکیە خزنەتگوزاریەکانی لێ بەرتەسک کرایەوە.
زیاد لەمەش چەند بکەرێکی سیاسی لەم شارە ساڵانێک بە بەردەوامیدان بە پروپاگندەی ژەهراوی و تیرۆری فکری و چەواشەکاری و بە لارێدابردنی رای گشتی گەرمیان و ختۆکەدانی دانیشتوانیەوە دژبە حکومەتی هەرێم, فەزایەکی دژەحکومتیان رەخساند و بە جدی کاریان لەسەر ناشرین کردن و بە دێوەزمە نیشان دانی حکومەتی هەرێم و کارو جموجۆڵەکانیەوە کرد. تا کار گەیشتە گڵدانەوەی داهات و پەرەسەندنی قاچاقچێتی سەر سنوورەکان بە بێ گەڕانەوە بۆ دامودەزگاکانی دەوڵەتەوە.
جیاوازیە بونیادیەکانی سیماو روخساری ئاوەدانی لە نێوان سلێمانی و هەولێرو دهۆک بۆ دوو جۆر لە کولتورو تێگەیشتن لە چەمکی حوکمرانی رەشید و دوو جۆر دونیابینی و روانگەی حوکمرانی و رویای کارکردن دەگەرێتەوە، نەک گرینگی نەدان بە گەرمیان و سلێمانی لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە.
کارگوزاران و دەسەڵاتدارانی گەرمیان مخابن هەمیشە حکومەتی هەرێمیان بە نەیارو دوژمن وێناکردووەو وێنەیەکی درۆیینیان لە حکومەت لە سەر رووبەری فەزای گشتیدا خستۆتەروو لە هیچ کردارێک و لێدوانێکی چەواشەکارانەی دژە حکومەت و تاوانبارکردنی لایان نەداوە.
حکومەتی هەرێم ئاوێنەی خەڵک و نوێنەری ڕاستەقینەی سەرجەم ئایین و چینوتوێژو دەڤەرەکانی کوردستانەو لە رووی کارکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەوە خۆی لە جیاکاری بە دوورگرتوەو بە یەک چاو سەیری هەموو کوردستان دەکات.
وەڵام بدەوه