پارێزگاری هەولێر لە پرێس كۆنفرانسێكدا ئاشكرای كرد كە بەشێك لەو گۆڕانكارییانەی كرابوون، لادانی ئەو كەسانە بووە كە لە لافاوەكەی هەولێردا كەمتەرخەمییان دەركەوتووە.
ئەمڕۆ شەممە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "ئەو گۆڕانكارییانەی لە هەولێر دەستی پێكردووە، بەردەوام دەبێت، "بەشێك لەوانەی دانراون لە بنەڕەتدا پۆستەكان بۆشایی یاساییان هەبووە، بەشێكیشیان ئاڵوگۆڕ بووە، بەڵام هەندێك لە گۆڕانكارییەكان بەهۆی ئەو كەمتەرخەمییانەوە بووە كە لافاوەكە دەریخست و پێشتر لێژنەیەكی سەرۆكی حكوومەت لەمبارەیەوە پێكهاتبوو".
جەختیشی كردەوە كە لە ناحیە و قەزایەكان و دواتریش بەڕێوەبەرە گشتییەكان گۆڕانكاری دەكرێت و بەردەوام دەبێت.
باسیشی لە قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتوانی لافاوەكەی هەولێر كرد و گوتی: "ماوەیەكە رامانگەیاندبوو كە هێشتا پرۆسەی كۆكردنەوەی پارە بەردەوامە، داوامان لە حكوومەتیش عێراقیش كردووە كە بەپێی پێویست هاوكار بێت. دواتر پرۆسەی قەرەبووكردنەوەكە دەست پێدەكاتەوە".
وەڵام بدەوه