Kurdistan Press - قەیس خەزعەلی قەرزاری یەکێتین. قەیس خەزعەلی قەرزاری یەکێتین. | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

قەیس خەزعەلی قەرزاری یەکێتین.

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەھلی حەق شەوی رابردوو (دووشەممە 25-7-2022) لە سپەیسێکی تویتەر کە لەلایەن گرووپێکی حەشدی شەعبییەوە رێکخرابوو، لەبارەی هەڵبژاردنی محەممەد شیاع سوودانی کە وەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دەستنیشانکراوە گوتی: "کەشوهەوایەکی برایانە بوو، پێش ئەوەی سوودانی بگاتە کۆبوونەوەکە ئێمە بە کۆی دەنگ هەڵمان بژارد، ئەوەی ئیشەکەی ئاسان کرد سەید عەممار حەکیم و حاجی هادی عامری بوو کە خۆی کشاندەوە بۆ ئەو پۆستە هەروەها بەربژێری رێکخراوی بەدریش برامان قاسم ئەعڕەجیش کشایەوە." 

خەزعەلی دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانی پێش سەرۆککۆمار بە دەستکەوتزانی و گوتی: "راستە ئێمە ماوەی دەستووریمان زۆر تێپەڕاندووە، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە پێش دەستنیشانکردنی سەرۆککۆمار سەرۆکوەزیرانمان دیاریکرد، نەوەک بڵێن ئێمە لە سەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی بووەستین، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی برایانمانە لە کورد، تاوەکو بەزووترین کات ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە."

لەبارەی دەستێوەردانی ئێرانییەکانیش، قەیس عەلی خەزعەلی ئاماژەی بەوەدا کە "ئێرانییەکان پێیان گوتین کە ئەوان لەگەڵ ئەوەن کە چوارچێوەی شیعە لە سەری رێکدەکەوێت."

خەزعەلی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار گوتی "ئێمە پێمان باش بوو ئەم چوارشەممە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بکرێت، بەڵام دەرفەتمان بە برایانی کوردا تا لە سەر یەک بەربژێر رێکبکەون، بەڵام ئەگەر نەگەیشتنە رێککەوتن بە هەڵبژاردن ئەم پرسە یەکلادەکرێتەوە."

لەبارەی دەنگدان بە یەکێک لە بەربژێرانی پارتی و یەکێتی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەھلی حەق گوتی: "ئێمە هیوادارین بگەنە رێککەوتن، دیاریکردنی سەرۆکوەزیران گوشارێکە لەسەر هەر لایەنێکی کوردی تا لە سەر کەسێک رێکبکەون."

خەزعەلی لە ئەگەری دەنگدان بە بەربژێری یەکێتی، گوتی "ئێمە قەرزاری یەکێتین، ئەوان لە یەکەم چرکەساتەوە لەگەڵ ئێمە بوون، بۆیە پابەندبوونێکی ئەخلاقی و وەفامان بەرامبەریان هەیە، دەبێت ئێمە دەنگ بەو بەربژێرە بدەین کە ئەوان دیاری دەکەن جا هەر کەسێک بێت."

ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەھلی حەق لەبارەی کێشەکانی ئێستای عێراق و تورکیا قسەی کرد و رایگەیاند "حکومەتی داهاتووی عێراق ئامادەیە بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ تورکیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەنێویاندا بابەتی ئاو و چەکدارانی پەکەکە." دەشڵێت، "حەشدی شەعبی ئەو هێزەیە کە توانای ئەوەی هەیە رێگری بکات لە هەر گرووپێکی چەکدار کە هێرشبکەنە سەر وڵاتانی دراوسێ."

خەزعەلی ئەوەی نەشاردەوە کە "ئێستا داگیرکەری تورکی زۆر لە داگیرکەری ئەمریکی مەترسیدارترە."

ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەھلی حەق لە گفتوگۆکەیدا کە زیاتر لە دوو کاژێری خایاند هێرشی تووندی کردە سەر حکومەتی مستەفا کازمی و  گوتی: "بڕیارەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر هیچ پشتیوانییەکی یاساییان نییە بە قەڵەمێکی حکومەتی داهاتوو رەتدەکرێتەوە."

لەبارەی هەڵوێستی موقتەدا سەدر سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، خەزعەلی رایگەیاند "بە بڕیاری کشانەوەی سەدر تووشی شۆک بووین، ئەگەرچی ئێستا ئەوان لە پێکهێنانی حکومەت کشاونەتەوە، پەیامیان ناردووە کە نە بە باش نە بە خراپ لێدوان لەسەر ئەو پرسە نەدەن، بەڵام دەبێت دەرفەت بە حکومەتی داهاتوو بدرێت. سەید موقتەدا سەدر مۆڵەت بە حکومەتی داهاتوو بدات ئینجا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت".

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه