رادیۆی نیشتمانیی ئەمریکا ئەمڕۆ شەممە، 7ی كانوونی یەكەمی 2024، لە راپۆرتێكیدا باسی لەوە كردووە کە رووسیا لەوانەیە دەست بە کشانەوە لە سووریا بکات. هاوكات بەپێی راپۆرتێكی (نیویۆرک تایمز) ئێران دەستی بە كشانەوە كردووە.
بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژەیان بە دەرچوونی کەشتیگەلی رووسی لە بەندەری تەرتووس کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سووری بە خێرایی کۆنترۆڵی ناوچە فراوانەکانی وڵاتەكە دەکەن.
رۆژی پێشتر، ماڵپەڕی (بلومبێرگ)ی ئەمریکی لە سەرچاوەیەکی نزیک لە کرێملین-ەوە رایگەیاند کە رووسیا هیچ پلانێکی نییە بۆ رزگارکردنی بەشار ئەسەد لەم بارودۆخەی كە تێیكەوتووە.
لەلایەکی ترەوە، باڵوێزخانەی رووسیا لە دیمەشق داوای لە هاووڵاتیانی رووسی کردووە سووریا بەجێ بێڵن بەهۆی خراپبوونی دۆخەکە. بەڵام راشیگەیاند کە باڵوێزخانە بە شێوەی ئاسایی بەردەوام دەبێت لە کارکردن.
شایانی باسە کە تورکیا، رووسیا و ئێران دانوستانی سێ قۆڵییان ئەنجام داوە سەبارەت بە داهاتووی سووریا لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی ئەستانە.
تورکیا پشتگیریی ئۆپۆزسیۆنی سووری دەکات، لە کاتێکدا مۆسکۆ و تاران پشتیوانی لە ئەسەد دەکەن.
لە 27ی تشرینی دووەمەوە، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە شەڕدان لەگەڵ هێزەکانی رژێمی سووریا و لە 29ی هەمان مانگ چوونەتە ناو شاری حەلەب و رۆژی دواتر کۆنترۆڵی پارێزگای ئیدلیبیان کرد. رۆژی پێنجشەممەی رابردووش شاری حەمایان كۆنتڕۆڵ كرد.
لەگەڵ حەلەب، ئیدلیب و حەما، گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن بەیانیی رۆژی هەینی بەرەو حمس و درعا بەڕێ کەوتن و ئامانجی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆن، رووخاندنی رژێمی ئەسەدە و بەرەو دیمەشق بەڕێوەن.
سەرکردەیەکی ئۆپۆزسیۆن رایگەیاند: "ئێمە بەردەوام دەبین لە پێشڕەوی بەرەو دیمەشق تا رژێمی ئەسەد دەڕووخێنین. پشتیوانیی خەڵکی سووریامان لەگەڵە و ئەمەش هێزێکی گەورەمان پێدەبەخشێت.
لە بەرامبەردا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا رەتی کردەوە کە رووسیا بەتەمای کشانەوە بێت لە سووریا. زاخارۆڤا گوتی: "ئەم راپۆرتانە بێ بنەمان. رووسیا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریی حکوومەتی سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم."
بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیانوایە کە کشانەوەی رووسیا لە سووریا، ئەگەر روو بدات، دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی گەورە لە هاوکێشەی هێز لە ناوچەکەدا.
پرۆفیسۆر سارا ئەحمەد، شارەزا لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: "کشانەوەی رووسیا دەکرێت ببێتە هۆی لاوازبوونی زیاتری رژێمی ئەسەد و بەهێزبوونی ئۆپۆزسیۆن. هەروەها دەکرێت کاریگەریی لەسەر رۆڵی ئێران و تورکیا لە سووریا هەبێت."
لەلایەكی دیكەشەوە بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)، ئێران رۆژی هەینیی رابردوو، دەستی کردووە بە کشانەوەی فەرماندە سەربازی و کارمەندەکانی لە سووریا. ئەمەش بەگوێرەی بەرپرسانی ناوچەیی و سێ بەرپرسی ئێرانی، کە ئاماژەیە بۆ ناتوانایی ئێران لە یارمەتیدانی بەشار ئەسەد بۆ مانەوە لە دەسەڵات لە بەرامبەر هێرشی چەکداری گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن.
بەپێی بەرپرسەکان، لەنێو ئەوانەی کشاونەتەوە بۆ عێراق و لوبنانی دراوسێ، فەرماندە باڵاکانی سوپای قودسی ئێرانی بەهێز هەن، کە لقی دەرەکیی سوپای پاسدارانە.
هەروەها ئەندامانی پاسداران و هەندێک دیپلۆماتکاری ئێرانی لەگەڵ خێزانەکانیان و هاووڵاتیی مەدەنیی ئێرانی کشاونەتەوە. ئەمەش بەگوێرەی بەرپرسە ئێرانییەکان کە بە مەرجی نەناساندنی ناسنامەیان قسەیان کردووە و زیادیان کردووە کە ئێرانییەکان لە بەیانیی رۆژی هەینی دەستیان کردووە بە بەجێهێشتنی سووریا.
بەرپرسانی ئێرانی و ناوچەیی رایانگەیاند کە پرۆسەی کشانەوەکە لە باڵوێزخانەی ئێران لە دیمەشق و بنکەکانی سوپای پاسداران دەستی پێکردووە. ئەوان ئاماژەیان بەوە کرد کە لانیکەم هەندێک لە کارمەندانی باڵوێزخانە پێشتر رۆیشتوون.
بەرپرسەکان گوتیان: بەشێک لە پرۆسەی کشانەوەکە بە فڕۆکە بەرەو تاران ئەنجام دەدرێت، لە کاتێکدا هەندێکی تر بە رێگای وشکانی بەرەو لوبنان و عێراق و لە رێگەی بەندەری لازقیەی سووریاوە دەڕۆن.
بەرپرسە ئێرانییەکان زیادیان کردووە کە دوو لە جەنەراڵە باڵاکانی سوپای قودسی ئێران، کە بۆ راوێژکاری سوپای سووریا نێردرابوون، هەڵاتوون بۆ عێراق.
رۆژنامەکە لە زاری مەهدی رەحمەتی، شارەزایەکی دیاری ئێرانی کە راوێژ بە بەرپرسان دەکات سەبارەت بە ستراتیژی ناوچەیی، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: "ئێران دەستی کردووە بە کشاندنەوەی هێزە سەربازی و هاووڵاتیانی لە سووریا، چونکە ناتوانین وەک هێزێکی راوێژکار و پشتیوان بجەنگین ئەگەر سوپای سووریا خۆی نەیەوێت بجەنگێت".
ئەوەشی زیادی کرد: "کورتەی باسەکە ئەوەیە کە ئێران تێگەیشتووە کە ناتوانێت دۆخی سووریا بە هیچ کردەیەکی سەربازی بەڕێوە ببات، و ئەم بژارەیە لەئارادا نییە".
پێشتر لە رۆژی هەینی، ئەحمەد نادری، ئەندامی پەرلەمانی ئێران، لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وتی: "سووریا لە لێواری رووخانە و ئێمە بە هێمنی چاودێریی دەکەین". راشیگەیاند کە ئەگەر دیمەشق بکەوێت، ئێران کاریگەریی خۆی لە عێراق و لوبنان لەدەست دەدات، و گوتی "من تێناگەم بۆچی ئەم کەمتەرخەمییە هەیە، بەڵام هەر چۆنێک بێت، ئەمە باش نییە بۆ وڵاتەکەمان".
وەڵام بدەوه