سەرۆکی ئەمریکا هێرشەکانی بەرەبەیانی رۆژی هەینی ئیسرائیل لە دژی ئێران، بە "نایاب" ناوبرد و هۆشداریشی بە ئێران دا چاوەڕێی هێرشی زیاتر بکەن."
رۆژی هەینی 13ی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکا، لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و بە ئامانجگرتنی پێگە سەربازیی و ئەتۆمیی تاران، رایگەیاند "ئەو هێرشانە نایاب بوون و هی دیکەش بەڕێوەن."
بەگوێرەی ئەی بی سی نیوز، لەو هەڤپەیڤینەدا، ترەمپ لەبارەی ئەو هێرشانەوە زیاتر قسە دەکات و دەڵێت، "پێموایە نایاب بوون. ئێمە دەرفەتێکمان پێدان و ئەوان نەیانقۆستەوە. گورزێکی زۆر قورسیان بەرکەوت. گورزێکی وایان بەرکەوت کە لەوە تووندتر نابێت. زۆری دیکەش بەڕێوەیە. زۆر زیاتر."
ترەمپ لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ میدیای ئەمریکییەکە کردووە و کاتێک پرسیاری لەبارەی ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک بەشداریی لە هێرشەکەدا کردووە، ترەمپ لە وەڵامدا دەڵێت "نامەوێت قسەی لەسەر بکەم."
ئەو هۆشدارییەی سەرۆکی ئەمریکا لەکاتێکدایە، جیهان خۆی بۆ هێرشی پێچەوانەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئامادە کردووە و وەکو رێکارێکی خۆپارێزیش، ئیسرائیل بڕیاریدا سەرجەم ناوەندە دیپلۆماسیی و باڵیۆزخانەکانی لە سەرانسەری جیهان بەشێوەیەکی کاتیی دابخات.
وەڵام بدەوه