بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل رای گه‌یاند، ئێران هێشتا بڕێكی زۆر یۆرانیۆمی پیتێنراوی هه‌یه كه نزیكه له‌و رێژه‌یه‌ی به‌هۆیه‌وه چه‌كی ئه‌تۆمی پێ به‌رهه‌م بهێنرێت، هاوكات داوای له خه‌ڵكی ئێران كردووه دژی حكوومه‌ته‌كه‌یان راپه‌ڕن و له پێناو ئازادی‌دا بڕژێنه شه‌قامه‌كان.
به‌گوته‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، هێرشه ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ناوه‌نده ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران، نه‌یتوانیوه دامه‌زراوه ئه‌تۆمییه‌كان به ته‌واوی له‌ناو ببات و هێشتا كۆماری ئیسلامیی ئێران 400 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی هه‌یه.
ئه‌و به كه‌ناڵی I24newsی راگه‌یاندووه، یۆرانیۆمی پیتێنراو مه‌رجی سه‌ره‌كیی به‌رهه‌مهێنانی بۆمبه و هێرشه‌كان راسته دامه‌زراوه‌كانیان به ته‌واوی له‌ناو نه‌بردووه، به‌ڵام بۆ چه‌ندان ساڵ چالاكییه ئه‌تۆمییه‌كانیان په‌كخستووه.
جێی باسه سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌یامه‌ی بۆ چاره‌نووسی 400 كیلۆگرام یۆرانیۆمه پیتێنراوه‌كه بڵاوی كردووه‌ته‌وه، له په‌یامێكی تری ڤیدیۆییدا داوای له خه‌ڵكی ئێران كردووه له دژی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان راپه‌ڕن، چونكه ئێسته كات كاتی خه‌باته بۆ ئازادی و ئێرانێكی ئازاد خه‌ون نییه، بۆ ئه‌و ئامانجه ته‌نیا نین و ئیسرائیل له پشتیان ده‌وه‌ستێت.
ئه‌و ئاماژه‌ی به قه‌یرانی ئاو له ئێران كردووه و گوتوویه‌تی، ئێران له هه‌موو روویه‌كه‌وه داڕماوه و حكوومه‌ت ته‌نانه‌ت ناتوانێت ئاوی خاوێنیان بۆ دابین بكات، خه‌ڵكی ئێران شایانی ئه‌وه نین ئه‌و سته‌مه به‌رانبه‌ریان بكرێت.
سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل باسی تواناكانی ئیسرائیل له پرسی چاره‌سه‌ركردنی ئاوه‌ڕۆ و دابینكردنی ئاو بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی كردووه و ئاماژه‌ی داوه، هه‌ر ئێسته ئیسرائیل 90%ی ئاوی ئاوه‌ڕۆ دووباره ده‌پاڵێوێت و به ته‌كنه‌لۆجیایه‌كی پێشكه‌وتوو دووباره به‌كاری ده‌هێنێته‌وه.
نه‌ته‌نیاهۆ ده‌ڵێت، ''ئێمه زۆر چاك ده‌زانین به چ شێوه‌یه‌ك ئێران بكه‌ین به وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئاو، ئه‌گه‌ر ئێران ئازاد بكرێت، ئه‌وا پسپۆرانی ئاوی ئیسرائیل ته‌كنه‌لۆجیای پاڵاوتنی ئاو بۆ ته‌واوی ئێران ده‌گوازنه‌وه.''
سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له په‌یامه‌كه‌یدا زۆر زیره‌كانه باسی له دۆخی ناله‌باری به‌نداوی كه‌ره‌ج كرد كه خه‌ریكه وشك ده‌بێت و پێی گوتن، ''بیر بكه‌نه‌وه جارێكی تر به‌نداوی كه‌ره‌ج پڕ ببێته‌وه له ئاو و خه‌ڵك بتوانن به‌وپه‌ڕی ئازادی و خۆشی، بچنه به‌نداوه‌كه و منداڵه‌كانتان ئه‌و وه‌رزشانه بكه‌ن كه تایبه‌تن به ئاوه‌وه، بیر بكه‌نه‌وه دارستانی تینووی نیاوه‌رانی تاران، هێنده‌ی بنكه سه‌ربازییه‌كانی سوپای پاسداران ئاویان هه‌بێت و چ دیمه‌نێكی سه‌وز و جوان دێته كایه‌وه، بیر بكه‌نه‌وه ده‌ریاچه‌ی وشكی ورمێ جارێكی تر ببووژێنرێته‌وه، ئه‌وانه‌ی پێتان ده‌ڵێم خه‌ون نین و هه‌موویان ده‌كرێ به‌دی بهێنرێن.''
نه‌ته‌نیاهۆ كۆماری ئیسلامیی ئێرانی به‌وه تۆمه‌تبار كرد، سه‌رچاوه داراییه‌كانی وڵات له گرووپه‌كانی وه‌ك حه‌ماس، حزبوڵا و حووسییه‌كان خه‌رج ده‌كات، ده‌یتوانی له جێگه‌ی ئه‌وه نه‌خۆشخانه و قوتابخانه و شه‌قامی پێ بنیات بنێت.
ئه‌و له كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا به خه‌ڵكی ئێرانی گوت، ''بوێر بن و له پێناو ئازادی‌دا خه‌بات بكه‌ن، بڕژێنه شه‌قامه‌كان و داوای دادپه‌روه‌ری بكه‌ن و دژی سته‌مكار بوه‌ستن، ئاینده‌یه‌كی باشتر بۆ خۆتان و منداڵه‌كانتان هه‌موو ئێران بنیات بنێن.''
جێی باسه چاودێرانی سیاسی پێیان وایه په‌یامه‌كانی بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ، تێكه‌ڵاوییه‌ك بوون له هۆشدارییه‌كانی وڵاته‌كه به كۆماری ئیسلامیی ئێران، له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری درێژه‌دان به چالاكییه ئه‌تۆمییه‌كان و چاره‌نووسی یۆرانیۆمی پیتێنراو، له‌لایه‌كی تر هه‌وڵدان بۆ گه‌یاندنی په‌یامێكی نه‌رم بۆ خه‌ڵكی ئێران و هاندانیان به راپه‌ڕین و دژایه‌تیكردنی رژێمه‌كه.
وەڵام بدەوه