سوپای ئیسڕائیل ئەمڕۆ هەینی لە ئۆپەڕاسیۆنێكدا كوشتنی فەرماندەیەكی باڵای سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە كەرتی غەزە راگەیاند.
گوتەبێژی سوپای ئیسڕائیل رایگەیاند: ئەمڕۆ هەینی سوپا و دەزگای هەواڵگری (شاباك) بە هاوبەشی ئۆپەڕاسۆنێكیان لە ناوچەی خان یوونس لە باشووری كەرتی غەزە ئەنجام دا.
راشیگەیاند: لە ئۆپەراسیۆنەكەدا توانرا ناسڕ مووسا سەرۆكی فەرمانگەی بەشی كۆنتڕۆلی سەربازی سەر بە بزووتنەوەی حەماس لەناو ببرێت.
هەروەها رایگەیاند: ناسڕ مووسا لە ماوەی رابردوودا مەشقی سەربازیی تایبەتی بە سەدان ئەندامی بزووتنەوەی حەماس كردووە كە لەم ماوەیەی شەڕدا دەیان هێرشیان كردۆتە سەر سوپا و هاووڵاتییانی مەدەنی ئیسڕائیلی.
ناسڕ مووسا یەكێك بووە لە كەسە نزیكەكانی محەمەد شیبانە فەرماندەی كەتیبەی رەفحی بزووتنەوەی حەماس كە مانگی ئایاری رابردوو لە ئۆپەراسیۆنێكی سوپای ئیسڕائیل لە غەزە كوژرا.
وەڵام بدەوه