ئاژانسی فەرمیی سانا بڵاویكردووهتهوه، دەسەڵاتی دادوەری سووریا، ئهمرۆ شەممە، فەرمانی دەستگیرکردنی غیابی لە دژی بەشار ئەسەد، سەرۆکی لەکارلادراوی سووریا دهركردووه، ئهویش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییان، ئەمەش یەکەم کاردانهوهی یاسایی حکوومەتی كاتیی سووریایه لە دوای رووخانی رژێمی پێشوو.
تۆفیق ئەلعەلی، حەوتەمین دادوەری لێکۆڵینەوە لە دیمەشق، بەگوێرەی ئەو لێدوانانەی کە ئاژانسی "سانا" بڵاویکردووهتەوە، رایگهیاندووه: "فەرمانی دەستگیرکردن بە غیابی لەدژی تاوانبار بەشار ئەسەد بە تۆمەتی رووداوەکانی ساڵی 2011ی دەرچووە".
ئەم تۆمەتانەش بریتین لە "کوشتنی بە ئەنقەست، ئەشکەنجەدان کە دەبێتە هۆی مردن و زەوتکردنی ئازادی".
بە گوتەی ئەلعەلی، بڕیارە دادوەرییەکەی دادگای باڵای سووریا، دەرگا دەکاتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەکە لە رێگەی ئینتەرپۆل و بەدواداچوونی دۆسیەکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەو ڕێوشوێنە لە وەڵامی سکاڵایەکی یاساییدا بووە کە لەلایەن کەسوکاری قوربانییەکان لە پارێزگای دارا تۆمارکراوە.
ساڵی 2011 ، پارێزگاکە لانکەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بوو لە دژی رژێمی پێشوو، پێش ئەوەی پەرە بسێنێت و ببێتە ململانێیەکی وێرانکەر کە زیاتر لە نیو ملیۆن کەسی لە سەرانسەری وڵاتدا کوشت.
ئەم رێوشوێنە یەکەم رێوشوێنی لەم جۆرەیە لە ناوخۆی سووریا لەلایەن دەسەڵاتی ئینتقالییەوە بگیرێته بهر.
لە تشرینی دووەمی ساڵی 2023، دادگاکانی فەرەنسا فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ ئەسەد دەرکرد بەهۆی ئەو هێرشە کیمیاییانەی کە لە ساڵی 2013 دا بۆ هێزەکانی لە غوتە و ناوچەکانی دیکەی نزیک دیمەشق ئهنجامی دا.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی دادوەری لە دیمەشق، سەرۆککۆماری پێشووی سووریا کە لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوو لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو رووسیا هەڵات، ئەگەر دادوەرەکانی لێکۆڵینەوە فەرمانی دادگاییکردنی بدەن، ئەگەری هەیە بە غیابی لە سووریا دادگایی بکرێت.
وەڵام بدەوه