Kurdistan Press - ئیسرائیل ئاستی ئامادەباشی بۆ بەرزترین پلە بەرزکردووەتەوە ئیسرائیل ئاستی ئامادەباشی بۆ بەرزترین پلە بەرزکردووەتەوە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

ئیسرائیل ئاستی ئامادەباشی بۆ بەرزترین پلە بەرزکردووەتەوە

لەگەڵ ئەگەری شکستی لێکتێگەیشتنە دیپلۆماسییەکان و چڕبوونەوەی جووڵە سەربازییەکان لە ناوچەکە، ئاماژەکان بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی لە دژی ئێران به‌م نزیكانه‌ هەنگاو دەنێن. لە کاتێکدا ئیسرائیل ئاستی ئامادەباشی بۆ بەرزترین پلە بەرزکردووەتەوە، ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا باس لە ئەگەری 90%ی هێرشێکی سەربازی دەکەن كە پێده‌چێت له‌ چەند  هەفتەی داهاتوودا بێت، هاوکات واشنتن گوشارەکانی بۆ سەر عێراق توندکردووەتەوە تا پێگەی گرووپە چەکدارەکان لە وڵاتەکەدا یەکلایی بکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی (CNN) کە لە زاری دوو سەرچاوەی ئیسرائیلییەوە گواستوویەتییەوە، سوپای ئیسرائیل لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ وەشاندنی گورزێکی سەربازی لە ئێران. ئەم ئامادەکارییانە لە کاتێکدایە کە ته‌ل ئەبیب گومانی قووڵی لە ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران هەیە و خەریکی خێراکردنی پلانی ئۆپەراسیۆنی و بەرگرییە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەگەری هێرشێکی هاوبەشی ئەمه‌ریکی-ئیسرائیلی بۆ سەر ناوەندە هەستیارەکانی ئێران لە ڕۆژانی داهاتوودا بەهێزە، سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانەی کە لە خولەکانی پێشووی گفتوگۆکاندا باسیان لێوە کراوە.
لە لایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی (ئاکسیۆس)ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی مەترسیداردا ئاشکرای کردووە کە ئامادەکارییە سەربازییەکانی ئەمه‌ریکا لە ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستێکی بێپێشینە. هێزەكانی ئەمه‌ریكا بە دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگر و سەدان فڕۆکەی جەنگییەوە لە ئامادەباشیدان. یەکێک لە ڕاوێژکارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ڕایگەیاندووە کە تەنیا دوو هەفتە مۆڵەت دراوەتە ئێران و بە ئەگەری 90% لە چەند هەفتەی داهاتوودا چالاکیی سەربازی دەستپێدەکات، ئەمەش دوای ئەوەی گفتوگۆکانی جنێڤ نەیانتوانی هێڵە سوورەکانی واشنتن بپارێزن.
پەیوەست بەم ئاڵۆزییانە، بەرپرسێکی باڵای ئەمه‌ریکا لە لێدوانێکدا بۆ هەمان سەرچاوە (ئاکسیۆس) هۆشداری داوە کە کات بەرەو تەواوبوون دەچێت و تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە. واشنتن چاوەڕوانی وەڵامێکی یەکلاکەرەوەیە لە تاران تا کۆتایی ئەم مانگە سەبارەت بە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی. ئەو بەرپرسە جەختی کردووەتەوە کە بێدەنگی یان وەڵامی نەرێنی ئێران، ڕێگەی بژاردە سەربازییەکان خۆشتر دەکات.
لە ناوخۆی عێراقیشدا، کاریگەرییەکانی ئەم گرژییە بە ڕوونی دەرکەوتوون. د. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ئاشکرای کردووە کە ئەمه‌ریکا کۆمەڵێک داواکاری فەرمی ئاراستەی بەغدا کردووە. گرنگترین خاڵی داواکارییەکان بریتین لە ئەنجامدانی چاکسازیی ڕادیکاڵ لە سیستەمی بانکی و دیاریکردنی چارەنووسی هێزە چەکدارەکان. بە گوتەی فوئاد حسێن، واشنتن بە فەرمی داوای کردووە حەشدی شەعبی تێکەڵ بە وەزارەتی بەرگری بکرێت و تەواوی گروپە چەکدارەکانی دیکەش چەکەکانیان دابنێن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە هەر ململانێیەکی هەرێمیی ئەگەر و پاراستنی سەقامگیری دارایی و ئەمنیی وڵاتەکە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه