هاوکات لەگەڵ کۆکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێکۆڵینەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بژاردە جیاوازەکان دژی تاران، شارەزایان هۆشداریدەدەن لەوەی کە هێرشکردنە سەر ئێران ئاڵۆز دەبێت و بە ئاسانی ئەو ئۆپەراسیۆنە نابێت کە بوە هۆی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هۆشداریدەدەن لە هەڵگیرسانی ململانێیەکی درێژخایەن، ئەوەش بەگوێرەی نیویۆرک تایمزی ئەمریكی.
ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردەوە، ئێران خاوەنی یەکێکە لە گەورەترین و هەمەجۆرترین جبەخانەی موشەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی دژە کەشتی. لە کاتێکدا ئاسمانی ڤەنزوێلا پێش هێرشەکەی ئەمریکا لە مانگی یەکدا کراوەبو.
دەشڵێت، "موشەکە مەودا مامناوەندەکانی ئێران دەتوانن ئەو ئامانجانە بپێکن کە زیاتر لە هەزار و 200 میل دورن، لەوانەش بنکەکانی ئەمریکا لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست". بەپێی "نیویۆرک تایمز"، ئەگەری هەیە ئێران شارە گەورەکانی ئیسرائیل بکاتە ئامانج، بەتایبەتی دوای ئەوەی تەلئەبیب کۆگای موشەکە بەرگرییەکانی لە جەنگی ڕابردو و جەنگی غەززەدا بەکارهێنا و کەمبوەتەوە.
ڕۆژنامەکە ڕونیکردوەتەوە کە ئێران ئەوەی پێی دەوترێت "تەوەرەی بەرگری" بەڕێوەدەبات کە گروپی "حوسییەکان" لە یەمەن و حزبوڵا لە لوبنان دەگرێتەوە، تاران چەکی بۆ ئەم گروپانە دابینکردوە بۆ فراوانکردنی هەژمونی خۆی و تەحەدای نەیارەکانی لە ناوچەکەدا.
هەرچەندە ئەو گروپانە بەهۆی جەنگی بەردەوامەوە زیانیان پێگەیشتوە، بەڵام توانای هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئاڵۆزکردنی ڕوبەڕوبونەوەکە و فراوانکردنی مەوداکەی، بەپێی سەرچاوەكانی ڕۆژنامەكە.
بەگوێرەی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، سەرکردە ئێرانییەکان خاوەنی توانای سەربازی بەرفراوان و تۆڕێک لە هاوپەیمانانن لە ناوچەکەدا کە دەتوانن یارمەتییان بدەن لە وەڵامدانەوەدا.


وەڵام بدەوه