محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، ئەو 15 خاڵەی واشنتنی ڕەت كردەوە كە لە ڕێگەی پاكستانەوە بە تاران درابوو، ئەمەریكا لەلایەكەوە بە نهێنی پلان بۆ هێرشی وشكانی دادەنێ و بە ئاشكرایش باسی هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ دەستكردنەوە بە دانوستاندن دەكات.
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران لە ڕاگەیەنراوێكدا كە ئاژانسی هەواڵی ئێران "ئێرنا" بڵاوی كردووەتەوە دەڵێ، "دوژمن بە ئاشكرا نامەی دەستكردنەوە بە دانوستاندنەكانمان بۆ ڕەوانە دەكات، بەڵام بە نهێنی ئامادەكاری بۆ هێرشی وشكانی بۆ سەر ئێران دەكات".
زیاتر گوتی، بە هەموو شێوەیەك ئەو 15 خاڵە ڕەت دەكەینەوە كە واشنتن لە ڕێگەی وڵاتانی ناوەندگیرەوە بە تارانی گەیاندووە، تا لەو ڕێگەیەوە جەنگ بوەستێ و دەست بە دانوستاندنەكان بكرێتەوە.
ئەو قسانەی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران لە كاتێكدایە، پێشتر بەرپرسێكی ئەمەریكی كە ناوی ئاشكرا نەكراوە بۆ ڕۆیتەرز دووپاتی كردەوە، تا ئێستە ڕوون نییە بە كردەیی هەوڵەكان بۆ دەستكردنەوە بە دانوستاندن دەرئەنجامی ئەرێنییان هەبێت، ترەمپ ئامادەیە گوێ لە سەركردەكانی ئێران بگرێت، بەڵام ئەگەر ئەو دۆخەی ئێستە هەیە و خاڵەكان قبووڵ نەكەن، ئەوا ڕووبەڕووی هێرشی زۆر بەهێزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەبنەوە.
هەفتەی ڕابردوو كۆشكی سپی لە ڕێگەی پاكستانەوە، یاداشتێكی 15 خاڵی وەك بنەمای دەستكردنەوە بە دانوستاندن و ڕاگەیاندنی ئاگربەست و ڕاگرتنی جەنگ ئاراستەی تاران كرد، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەرپرسانی تاران دووپاتیان دەكردەوە، تاوتوێی ئەو 15 خاڵە دەكەن ئینجا وەڵامی ئەمەریكا دەدەنەوە، بەڵام ئەمڕۆ محەمەد باقر قالیباف 15 خاڵەكەی ڕەت كردەوە.


وەڵام بدەوه