Kurdistan Press - پلۆرالیزم یا زۆری و بۆری پلۆرالیزم یا زۆری و بۆری | Kurdistan Press

KurdistanPress...

پلۆرالیزم یا زۆری و بۆری

رەنگە سیستەمی پلۆرالیزم یا فرەیی لەو کۆمەڵگایانەی پێکهاتەیەکی نایەکسان و ناهۆمۆگێنیان هەیە بتوانێ چارەسەری زۆربەی گرفتە سیاسی و دەستەبەری مافە کولتوریەکان و بەرەوپێشەوەبردنی پرۆسەی سیاسیەوە بکات. 

ئەم چەمکە دوای لەدایکبوونی هزری دیموکراسی تا کو بەمرۆش دەگات لەو کۆمەڵگایانەی پێکهاتەیەکی فرە رەنگ و فرەدەنگ و  جیاواز لە رووی فکرو ئایدیایان هەیە بۆتە ئامرازێک و دەلاقەیەک و گەرەنتیەک بۆ گەیشتن بە ئایدیای پێکەوەژیان و پێکەوەهەڵکردن. 

زهنیەتی پشت ئەم فکرە زهنیەتێکی لیبراڵ و تەواو کراوەیە و لە پێناو دەستەبەری مافە گشتیەکان پێڕەودەکرێت و لەو کۆمەڵگایانەی دیموکراسی توانیویەتی رەگوریشەی دابکوتێ، بۆتە زامنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان و پێشکەوتنەوە. 

سەرەرای فرەرەنگ بوونی جڤاکی ئەمریکی لەوەتەی ئەم وڵاتە لەسەردەستی کۆمەڵێک بیرمەندەوە دامەزراوە،  لێ سیستەمی دوو حزبی توانیویەتی ئەم وڵاتە لە چەندین قۆناغی سەخت و پێکدادان و ئاڵۆزیەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی باشتر و پێشکەوتووترەوە. بەوەی ئەمریکا نەک توانی لەسەر پێی خۆی بوەستێ بەڵکو توانی بە پێڕەوکردنی سیستەمی دوو ئاراستەو هزری فەلسەفی و  ئایدیۆلۆژیای سیاسی و فدراڵیەوە ( ویلایەت)، ببێ بە گەورەترین هێزی  سەربازی و ئابوری و سیاسی لە ئاستی دونیادا.  

پەیوەست بە هەرێمی کوردستانەوە ئەو زۆری و بۆریەی لە گۆڕەپانی سیاسی و حزب سازیدا بەدی دەکرێ، نەک نەیتوانیوە ببێ  بە زامنی پێشکەوتن و یەکریزی گەل و  پردێک بۆ پەڕینەوە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر، لێ  نانەوەی ئاڵۆزی و تێکدانی ریزەکانی گەل لە لێکەوتە  نەرێنیە بەرچاوەکانی ئەم زۆری و بۆریەوە بووە. 

مێژوو پێمان دەڵێ و واقعیش سەلماندوویەتی، زۆربوونی رەوت و بزاڤە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کەوا زۆربەیان لە هەناوی پارتی دیموکراتی کوردستان لەدایک بوونە،  گێژاوێکی سیاسی و دۆخێکی پڕاوپڕ لە ئاڵۆزی لێکەوتۆتە بە هیچ کڵۆجێ خزمەت بە بەرەوپێشەوە چوونی پرۆسەی سیاسی و پرسی هاوڵاتیبوون و یەکریزی و سەرخستنی دانوستانەکانی هەرێم و بەغدای نەکردووەو نایکات. 

ئەم فرەییەی لە رووی دروست کردنی حزب و بزاڤی سیاسیەوە لە ئاستی جیادا هەرێم بەدی دەکرێ تەنیا یەک ئامانجی ستراتیژی لە پشتە، ئەویش خۆی لە دەوڵەمەند کردن و دابین کردنی دەسکەوتە مادیەکان دەبینێتەوە لەسەر حیسابی چەواشەکردنی ڕای گشتی و لە خشتەبردنی کۆمەڵانی خەڵکی نارازی لە دۆخی هەرێم. 

دەرەنجامیش تەنیا بڵاوکردنەوەی ترسو دڵەرواکێ و  نەمانی متمانەی خەڵکە بە حکومەت و حزبەکان و پەرتەوازەیی و لێکدابڕان و دۆخێکی ئاڵۆزکاوی کۆمەڵایەتی و سیاسی و دڕدۆنگی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای لێدەکەوێتەوەو بە زیان بۆ هەموولایەک تەواو دەبێ.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه