فلۆرێنتینۆ پێرێز بەرلە هەر شت خەمی شکۆ گەورەکەی ریال مەدرید و ململانێ کەسییەکانیەتی لەگەڵ ناسر خلێفی سەرۆکی سانجێرمان، لە بڕیارە سەختەکانی پێشووی خۆی پاشگەزبووەتەوە و رێگە دەدات ئاڵتراسی مەدرید، کە سەرسەختترین هاندەرانی یانەکەن، پاش 8 ساڵ لە بێبەشکردن، بۆ یارییەکەی پاریس، بێنەوە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
مەدرید خۆی ئامادە دەکات و سانجێرمانیش متمانەی بەئەنجامی یاری چوون و ئەو هەموو ئەستێرەیە هەیە کە لە تیپەکەدا هەن، بۆئەوەی لە یارییەکەدا بەهاناوەی بچن و لە وێستگە سەختەکەی مەدرید رزگاری بکەن.
رووبەڕووبوونەوەکە پڕە لە کێشمەکێش، پڕە لە ململانێ و لە رکابەرییەک کە دەکرێ کورد گوتەنی پێی بڵێین، ئێسقانی تێدا دەشکێت. لە دەرەوەی لاکێشە سەوزەکەی یاریگەی ریال مەدرید، سوپەر لیگ و بونیادنانی لەلایەن پێرێز و رەتکردنەوەی لەلایەن خلێفییەوە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو یانەی گەیاندووەتە خاڵی سفر.
هەر لە دەرەوەی یاریگەدا، دەڕۆم و ناڕۆم و دەمێنمەوە و نامێنمەوە، ناونیشانی ململانێیەکی سەختی نێوان هەردوو یانەیە لەسەر ئەستێرەیەک کە دەگوترێ میراتگری میراتە قورسەکەی مێسی و رۆناڵدۆ دەبێت لە تۆپی پێدا، بێگومان ئەو یاریزانە کیلیان ئێمباپێیە.
ئێمباپی ئاشکرایکردووە خەون بە یاریکردن لە مەدرید دەبینێت، ریال مەدرید گوتویەتی دەرگاکانمان بۆ هێنانی ئەو ئەستێرەیە کراوەیە، هاوینی رابردووش 200 ملیۆنمان وەک دەستەوارە پێشکێشکرد، بەڵام رێگەیان نەدا بێت.
گێمی یەکەمی ململانێیەکە لە نێوان هەردوو یانە لەسەر ئێمباپێ بەبردنەوەی پاریس کۆتاییهات، یاریزانەکانی لە ریزەکانیدا هێشتەوە، چەند مانگێکیشە دانی ئەوە بۆ ئێمباپێ رۆ دەکات، بەمووچەی خەیاڵی و بەڵێنی گەورە، گرێبەستەکەی لەگەڵدا نوێبکاتەوە. بەڵام لە گێمی دووەمی یارییەکەدا، ئێمباپێ تائێستا بێدەنگە و گرێبەستەکەی لە هاویندا کۆتاییدێت، ریال مەدریدیش لە دوورەوە تەماشای رووداوەکان دەکات و وەک میدیای مەدریدی دەڵێ، هەموو شتی یەکلاکردووەتەوە و لەکۆتایی یارییەکەدا، گۆڵە گەورەکەی بە گرێبەستکردن لەگەڵ کیلیاندا، تۆمارکردووە.
لە نێو یاریگەدا، سانجێرمان پشت بەویستی تۆڵەی ئەو یاریزانانە دەبەستێت کە ساڵانێک ئەستێرەی ریال مەدرید بوون و بەدڵشکاوی رۆیشتن، دیماریا، ناڤاس، حەکیمی و رامۆس هەمووان حەزیاندەکرد مێژووی یاریکردنیان لەگەڵ مەدریدا لەوەی روویدا زۆر درێژتر بێت، بەڵام پێرێز هەموویانی بەدڵشکاوی و لە دۆخی جیاوازدا بەڕێکرد، بۆیە ئێستا کە رامۆس ئامادەی یارییەکە نییە، بێگومان سیانەکەی دیکە خۆیان دەخۆنەوە و چاویان لە تۆڵەیە لە تیپەکەی سەرۆکی ریال مەدرید.
پاریس لە نێوخۆی فەرەنسادا باش یاری ناکات و باش دەرناکەوێ، بەڵام لەگەڵ مەدرید یارییەکی نموونەیی بێوێنەی ئەنجامدا و هەستی مەدریدییەکانی زۆر بریندارکرد و لە دوا خولەکیشدا فیشەکێکی بێبەزەییانەی پێوەنا و شکۆی ئەوانی زۆر هێنایە خوارەوە.
ریال مەدرید، بەدوای کڕینەوەی ئەو شکۆیەدا دەگەڕێ، پێویستی بەدەرکەوتن بە ئاستێکی باش و ئەنجامێکی دڵنیاکەرەوەش هەیە. دۆڕانی یەک بەسفر لە یاری یەکەمدا و لەسایەی سیستمی نوێی پاڵەوانیەتییەکەدا، ئەرکێکی ئەستەم نییە بۆ تیپەکەی ئەنچیلۆتی، بەڵام بێبەشبوون لە تواناکانی کاسیمیرۆ و مێندی و ئەو ئاستەش کە لە یاری یەکەمدا پێشانیدا، ئاماژەی پرسیاری زۆری لەسەر بیرکردنەوەی پیرە ئیتاڵییەکە بۆ یارییەکە هێناوەتە ئاراوە.
کاتێک باسی بەیەکگەیشتنی ریال و سانجێرمان دەکەین، نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ کە لە یارییەکەدا یەکێک لە مێژووییترین ئەو یاریزانانەی زۆر ئازاری ریال مەدریدی داوە ئامادەیە، ئەو یاریزانە مێسییە. بەڵام لەگەڵ یانە نوێیەکەیدا نیوەی ئەوەی پێشاننەداوە کە لە کەتەلۆنیا پێوەی دەردەکەوت.
نەوەت خولەکەکە هەرچۆنێک بێت کۆتایی دێت، بەڵام هەردوو یانە لە یارییەکەدا گرەوی گەورەیان هەیە، بۆ سانجێرمان، سەرکەوتن بەسەر پاریسدا لێدانی زەنگی ئاواکردنی سەردەمی بەشکۆترین یانەی مێژووە، بۆ ریال مەدریدیش، تێکشکاندنی سانجێرمانی ئێستا، کۆتاییهێنانە بەپڕۆژەیەک کە خەون بەوەوە دەبینێت، رۆژێک لە رۆژان وەک ریال مەدرید، جێگەی ترس و لە هەمان کاتدا، سەرسامیی و مێژووی گەورەش بێت.
وەڵام بدەوه