Kurdistan Press - مژدەیەک لە ئەمریکاو بۆ کورد مژدەیەک لە ئەمریکاو بۆ کورد | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

مژدەیەک لە ئەمریکاو بۆ کورد

بۆ یەکەم جار "کوردستان پرێس" وردەکاری ئەو یاسایە بڵاودەکاتەوە کە تێیدا فەرمان کراوە، بە دانانی پلانێکی سەرتاسەری بۆ پتەکردن و پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024.

دوێنێ یاساکە لە کۆنگرێس پەسەند کرا، کۆنگرێسمانی ئەمەریکی دۆن باکۆن لە پارتی کۆمارییەکان، لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی لە کۆنگرێس بڵاوی کردووەتەوە، ئەو یاسایەی کە تایبەت بوو بە پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە و دابینکردنی سیستمی بەرگری بۆیان، خراوەتە ناو یاسای ڕێگەپێدانی بەرگریی نیشتمانی (NDAA) بۆ ساڵی 2024.

ئەندامەکەی لیژنەی بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە ماڵپەڕی کۆنگرێس نووسیویەتی، بەگوێرەی تێپەڕبوونی یاساکە، ''وەزیری بەرگری فەرمانی پێکراوە، پلان دابڕێژێت بۆ دابینکردنی هێزی بەرگریی ئاسمانیی دژەمووشەک بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها چەکی دژەدرۆن بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان فەراهەم بکات، چونکە هەرێمی کوردستان لەژێر هێرشی بەردەوامی ئێران و میلیشیاکانی ئەو وڵاتەدا بووە لە ناوچەکە''.

لە پڕۆژە یاساکەدا هاتووە، دەبێت تا مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو پلانەکە ئامادە بێت، لە پاڵ پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دابینکردنی سیستمی دژەموشەک، یەکێک لە بەندە گرنگەکانی یاساکە پێکهاتووە لە پێدانی ڕاهێنان و مەشق بۆ هێزی پێشمەرگە لە ڕووی چۆنیەتی بەکارهێنانی سیستمە بەرگرییەکانەوە، لە یاساکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کە وەزارەتی بەرگری پابەند کراوە بەوەی  90 ڕۆژ لە دوای ئامادەکردنی پلانەکە لە مانگی شوبات، پلانەکە جێبەجێ بکرێت بە تەواوی بەندەکانییەوە، واتا هەم پڕچەککردنی پێشمەرگە و هەم پێدانی ڕاهێنان بۆ بەکارهێنانی سیستمەکانی بەرگریی تایبەت ماوەی جێبەجێکردنەکەی 90 ڕۆژە.

لە ئەگەری دانەمەزراندنی پلانەکە یان جێبەجێ نەکردنی، وەزیری بەرگری بانگێشتی کۆنگرێس دەکرێت و دەبێت ڕوونکردنەوە بدات لە هۆکاری جێبەجێ نەکردنی یاساکە، بەگوێرەی یاساکە، تەنیا لە یەک حاڵەتدا ئاساییە ئەگەر پلانی جێبەبەجێ کردنەکە دوا بکەوێت، ئەویش بریتییە لە نەبوونی سەرچاوەی پێویست لە لایەن ئەمەریکاوە، کە ئەمەشیان مەحاڵە، چونکە ئەمەریکا خاوەنی سەرچاوەیەکی زۆرە لە کەرەستەی سەربازی، دووەمیشیان بریتییە لە ئامادەنەبوونی ئەمەریکا لە وەڵامدانەوەی هەر پەرچەکردار، یان کاردانەوەیەک کە بەهۆی ئەو هەنگاوەوە دەکەوێتە سەری، ئەمیان مەبەست لێی هەڕەشەی ئێرانە، یان تورکیا.

لە کۆتایی پڕۆژە یاساکەدا هاتووە، لە تەموزی ساڵی 2024 وەزیری بەرگری دەچێتە کۆنگرێس و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە بەرەوپێشچوونەکانی یاساکە ئاگادار دەکاتەوە، دوێنێ 15ی کانوونی دووەمی 2023 یاسای ڕێگەپێدانی بەرگریی نیشتمانی (NDAA) بۆ ساڵی 2024 لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە زۆرینەی ڕەهاو و دەنگی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکان پەسەند کرا، لە یاساکەشدا پنتاگۆن پابەند کراوە بەوەی هێزێکی تۆکمە و سیستمی بەرگری پێشکەوتوو بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات، لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی یاساکە، وەزیری بەرگری دووچاری لێپێچینەوە دەبێتەوە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه