بە بەشداریی سەرۆکی حکوومەت و وەزیری وزەی ئەمەریکا کۆنفرانسی وزە لە واشنتن بەڕێوە دەچێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـیئایاری 2025، کاتژمێر 8:30ی بەیانی بە کاتی واشنتن و 3:30 پاش نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر، بە ئامادەبوون و بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کریستۆفەر ڕایت، وەزیری وزەی ئەمەریکا ، کۆنفرانسی وزە لە واشنتن بەڕێوە دەچێت.
لە کۆنفرانسەکەدا، کە ئەنستیتیوتی جیهانیی ئەلمۆنیتۆر ڕێکی خستووە، سەرۆکی حکوومەت و وەزیری وزەی ئەمەریکا، لە دوو پانێلی تایبەتدا، باس لە داهاتووی وزە لە هەرێمی کوردستان و عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا دەکەن.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 19-05-2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە ڕێوڕەسمێکدا دوو ڕێککەوتننامەی بواری وزە، لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس) ئیمزا کران.
لەوبارەوە، ستیف لوتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا وێڕای پیرۆزبایی، گوتی: مەسرور بارزانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکای بەهێزتر و فراوانتر کردووە. پەیوەندییەکی زۆر باش و بەهێزمان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەیە، هاوکات سەرکردایەتیی سەرۆک وەزیران، پەیوەندییە بازرگانییەکانی باشتر کردووە.
ستیف لوتس باسی لەوەش کرد "سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵی سەرکردایەتیی باش و حەکیمانەی گێڕاوە، هەروەها پێشتریش بە شاندێکی بەهێز سەردانی واشنتنی کردووە، ئەمەش پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکای بەهێزتر کردووە."
وەڵام بدەوه