دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێكی دیكە دوپاتیکردەوە، كە ڕێگه به ئێران نادرێت پیتاندنی یۆرانیۆم ئهنجام بدات، سەرەڕای ئەوەی ڕاپۆرتەکان باس لەوەدەکەن ئەو ڕێککەوتنەی واشنتن پێشنیاری کردوە، ڕێگە بە تاران دەدات لە ئاستێکی نزمدا و بۆ ماوەیەکی کاتی ئەو کارە بکات.
دۆناڵد ترەمپ، ڕۆژی هەینی بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، "ڕێگە بە پیتاندنی یۆرانیۆم نادەن و ئەوان دەوڵەمەند ناکەن، ئەگەر دەوڵەمەند بن، دەبێت پەنا بۆ شێوازێکی دیکە ببەین".
سەرۆكی ئەمریكا، ئاماژەی بە هێرشی سەربازی کرد بۆ سەر بنكە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەگەر ڕێککەوتنەکە شکستی هێنا.هاوکات سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەکردەوە، کە ڕێککەوتنی دیپلۆماسی بژاردەی پەسەندکراوی ئەوە.
دۆناڵد ترەمپ، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لێدوانی هاوشێوەی دا و ڕایگەیاند، وڵاتەكان ڕێگە نادات ئێران یۆرانیۆم بپیتێنێت.
دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە ئامانجی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکی دەیان ساڵەی تاران لەسەر ویستە ئەتۆمییەکانی تاران، بەهۆی ناکۆکی لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم وەستاوە.
واشنتن و تاران لە مانگی (نیسان/4)ـی ڕابردوەوە پێنج خولی دانوستانیان ئەنجامداوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ جێگرتنەوەی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015، کە ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆكایەتیەكەیدا لە ساڵی 2018ـدا کشانەوەی وڵاتەکەی لێی ڕاگەیاند.
ترەمپ ڕۆژی دوشەممە ڕایگەیاند، ئیدارەکەی ڕێگە بە "هیچ جۆرە پیتاندنی یۆرانیۆم" نادات، سەرەڕای پێداگری ئێران لەسەر مافی خۆی بۆ ئەو کارە بەپێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمی .
عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕۆژی چوارشەممە ئاماژەی بەوەدا کە پێشنیاری واشنتن دژایەتی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی تاران دەکات.
وەڵام بدەوه