ژەنەراڵ مایکڵ کۆریلا، فەرماندەی ناوەندیی سوپای ئەمریکا دەڵێت، چەند پلانێکی هێرشکردنە سەر ئێرانمان خستووەتە بەردەم سەرۆکی ئەمریکا و دەشڵێت؛ چاوەڕوانین فەرمانی سەرۆک ترەمپین.
شەوی رابردوو ژەنەراڵ مایکڵ کۆریلا، فەرماندەی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند؛ "ئەگەر ئێران رێککەوتنی ئەتۆمی نەکات کۆمەڵێک بژاردەی سەربازیمان داوەتە وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەمریکا و هەر کات فەرمانمان پێ بکرێت، راستەخۆ جێبەجێیان دەکەین".
فەرماندەی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە وەڵامی مایکڵ راجەرز، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە ویلایەتی ئالاباما و سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکان خستە روو، کە پرسیاری ئەوەی لێکرد ئاخۆ، سوپای ئەمریکا ئامادەیی هەیە ئەگەر ئێران بەردەوامبێت لە سەرکێشییەکانی و دەستبەرداری پرسی ئەتۆمی نەبێت، بژاری سەربازی بەکار بهێنێت؟
مایکڵ کۆریلا لە وەڵامدا رایگەیاند؛ "بژارە سەربازییەکانمان خستووەتە بەردەم بەرپرسانی باڵا، ئێستا هێزە بە وەکالەتەکانی ئێران کەوتوونەتە لاوازترین دۆخ و تەنیا تەنگژە لەبەردەم ئێمە حووسییەکانی یەمەنن، ئێمە دەرفەتێکی ستراتیجیمان داوەتە ئێران بۆ ئەوەی دەستبەرداری پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بێت و دەستی بە چەکی ئەتۆمی رانەگات".
ئەو فەرماندەیە دەڵیت؛ "بەکارهێنانی بژاری سەربازی بەرامبەر ئێران یەک لە بژارە بەهێزەکانە، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک پلانی بەرفراوانم داوەتە سەرۆک ترەمپ و وەزیری بەرگری، تەنیا چاوەڕوانی فەرمانێکم بۆ ئەوەی دەستبەکار بین".
ئەمریکا و ئێران تاوەکو ئێستا پینج جار بۆ دانوستان لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئەو وڵاتە کۆبوونەتەوە، واشنتن پێشنیازی فەرمی بە نووسراوە خستە بەردەم بەرپرسانی تاران، بەڵام عەلی خامنەیی ئەو پێشنیازەی رەتکردەوە.
خاڵی ناکۆکی نێوان تاران و واشنتن لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆمە لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێراندا، ئەمریکا لە پێشنیازەکەیدا داوای کردووە هیچ یۆرانیۆمێک لە خاکی ئێراندا نەپیتێندرێت، بەڵام عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەی رەتکردەوە و گوتی؛ "دامەزراوەی ئەتۆمی بەبێ پیتاندنی یۆرانیۆم هیچ واتایەکی نییە و قبوڵی ناکەین"
وەڵام بدەوه