ئەمڕۆ هەینی 18ی تەمووزی 2025 ڕۆژئاوا گوشارەکانی بۆ سەر ڕووسیا بە شێوەیەکی بەرچاو توندتر کرد، کاتێک یەکێتی ئەوروپا لەسەر پاکێجێکی نوێی سزا ڕێککەوت کە کەرتی نەوتی ڕووسیای کردووەتە ئامانج، هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پێشووتر مۆڵەتی 50 ڕۆژی بە مۆسکۆ دا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیا، ئەگەرنا ڕووبەڕووی سزای زۆر قورس دەبێتەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ، دیپلۆماتكارێك لە برۆکسل ڕای گەیاند، گەیشتینە ڕێککەوتن لەسەر پاکێجێکی بەهێز و کاریگەری سزا دژی ڕووسیا. بەپێی زانیارییەکان، سزاکان کەمکردنەوەی نرخی ئەو نەوتە ڕووسییە دەگرێتەوە کە بۆ هەناردەکردن تەرخانکراوە.
لەلایەکی ترەوەە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، پلانی ناردنی بڕێکی زۆری چەکی ئەمەریکی بۆ کیێڤی پایتەختی ئۆكراینا ڕاگەیاند، بەڵام لە ڕێگەی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی "ناتۆ"ـوە.
لە پێشهاتێکدا کە ڕەنگە مەترسیدارترین بێت، ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" بڵاوی کردەوە کە ترەمپ لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، باسی لەوە کردووە کە دەتوانن مووشەکی ئەمەریکی بۆ لێدانی مۆسکۆ بەکاربهێنن.
بەڵام کاتێک ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی پرسیاریان لە ترەمپ کرد ئایا پێویستە زێلینسکی مۆسکۆ بکاتە ئامانج، لە وەڵامدا گوتی: نەخێر، نابێت مۆسکۆ بکاتە ئامانج.
وەڵام بدەوه