گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تامی بروس ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە توندی دژی پڕۆژەیاسایەکی پێشنیازکراوی عێراق دەوەستێتەوە کە ئامانج لێی بەدامەزراوەییکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبییە، و هۆشداریی دا کە ئەمە پێچەوانەی ئامانجە هاوبەشە ئەمنییەكانی واشنتۆنە لەگەڵ بەغدا.
تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، بە “زە نیو ڕیجن”ی ڕاگەیاند کە “ویلایەتە یەکگرتووەکان بە توندی دژایەتیی هەر یاسایەک دەکات کە ناگونجێت لەگەڵ ئامانجەکانی هاوکاری و هاوبەشیی ئەمنی دوولایەنەمان و پێچەوانەی بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێستای عێراق و سەروەریی ڕاستەقینەی عێراقە."
بروس ڕەخنەی لە یاساکە گرت و بە "هەنگاوێکی زۆر نایارمەتیدەر" وەسفی کرد، و گوتی: کە ئەوە فەرمیبوون دەبەخشێت بەو گرووپە چەکدارانەی کە پەیوەندییان بە قەوارە و سەرکردەی تیرۆریستییەوە هەیە، کە هەندێکیان بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج و کارمەندانی ئەمریکییان کوشتووە.
پڕۆژەیاساکە، کە لە مانگی شوباتدا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە وەک ڕەشنووس پەسەند کرا، یاسای خزمەت و خانەنشینی بۆ حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێت و هەوڵ دەدات هێزەکانی حەشدی شەعبی لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکەی عێراقدا هاوتەریب بکات.
حەشدی شەعبی لە ساڵی ٢٠١٤دا لەسەر بانگەوازێکی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی و دوای سەرهەڵدانی داعش پێک هێنرا، و دواتر خرایە ناو هێزە چەکدارە فەرمییەکانی عێراقەوە و هەمان ئیمتیازاتی سوپای ئاسایی پێبەخشرا. بەڵام، حەشدی شەعبی پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئێراندا هەیە و باڵی تێدایە کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەتایبەتی دوای هێرشە درۆنییەکەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠ کە قاسم سولەیمانی لە بەغدا کردە ئامانج.
وەڵام بدەوه