وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە واشنتن دژی دەرکردنی هەر یاسایەکە لە عێراق کە "بیکاتە دەوڵەتێکی سەر بە ئێران" و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەری سەپاندنی سزای هەیە بەسەر ئەو دامەزراوە داراییانەی کە پێوەندییان بە گرووپە چەکدارەکانەوە هەیە.
تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی "شەفەق نیوز" گوتی، واشنتن "پشتگیری لە سەروەرییەکی ڕاستەقینەی عێراق دەکات، نەک یاسایەک کە عێراق بکاتە دەوڵەتێکی سەر بە ئێران." ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە "هەر یاسایەک دامەزراوە تەناهییە فەرمییەکان لاواز بکات، لەگەڵ ئامانجەکانی هاوکاریی ئەمنیی دوولایەنەی نێوان هەردوو وڵاتدا نایەتەوە."
لە ئاماژەیەکدا بۆ سیناریۆی سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا، گوتەبێژەکە گوتی: ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو دژی ئەو دامەزراوە داراییانەی کە خزمەتگوزاری پێشکەش بەو گرووپانە دەکەن کە وەک تیرۆریست پۆلێن کراون.
سەبارەت بە نیازی هەندێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی، واشنتن بە قووڵی نیگەرانە لە ڕۆڵی ئەو میلیشیایانەی کە پەیوەستن بە ئێرانەوە، بەتایبەتی ئەو گرووپانەی کە وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی پۆلێن کراون و ئەمریکییەکانیان کردووەتە ئامانج و کوشتوویانن.
حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014 و دوای فەتواکەی عەلی سیستانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش دامەزرا. لە تشرینی دووەمی 2016، پەرلەمانی عێراق یاسایەکی پەسەند کرد کە حەشدی شەعبی وەک دامەزراوەیەکی تەناهی لە چوارچێوەی هێزە چەکدارەکاندا ناساند، بەڵام یاساکە وردەکاریی ڕێکخستنی ڕوونی تێدا نەبوو، ئەمەش بووە هۆی داواکاریی بەردەوام بۆ دووبارە داڕشتنەوەی.
هەوڵە نوێیەکە بۆ دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبی لە کۆتایی تەمەنی خولی ئێستای پەرلەماندایە، لە کاتێکدا ناکۆکیی سیاسیی ناوخۆیی و گوشاری نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لەلایەن ئەمەریکاوە، لەسەر ئەم دۆسیەیە هەیە.
وەڵام بدەوه