سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ڕێژەی تاوان و بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە ویلایەتەکانی وڵاتەکەی زۆر زیادی کردووە، بە شێوەیەک زۆر لە بەغدا زیاترە، بۆیە سەرەتا لە واشنتن دەست بە پاککردنەوەی ئەو تاوانانە دەکەین و پاسەوانی نیشتمانی بڵاو دەکەینەوە، هاوکات لە بارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی دا، بە پوتن دەڵێم کۆتایی بە جەنگ بهێنێت و هەوڵدەدەین ئاگربەستێکی دادپەروەرە ڕابگەینین.
دووشەممە 11ی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بۆ یارمەتیدان لە دامەزراندنەوەی یاسا و ڕێسا و سەلامەتی گشتی لە واشنتن پاسەوانی نیشتمانی جێگیر دەکەم، چونکە واشنتن لەلایەن باندە توندوتیژەکان و تاوانباران کۆنترۆڵ کراوە.
ئاماژەشی دا، ڕێژەی کوشتن لە واشنتن دوو هێندەی بەغدا زیادی کردووە، بە شێوەیەکی گشتیی ڕێژەی کوشتن و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر لە زۆربەی ویلایەتەکانی ئەمەریکا دوو هێندە بووە، کەس ناتوانێت بەم جۆرە بژین.
سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، سەرەتا لە واشنتن دەست پێ دەکەین دوای هەموو شار و ویلایەتەکانی دیکە لەو تاوانبارانە پاک دەکەینەوە. هاوکات پەنابەرەکانیش دیپۆرت دەکەینەوە. گوتیشی: ئەگەر پێویست بکات ئەوا بڵاوە بە سوپاش دەکەن.
هەر لە هەمان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگرییی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بەیانی، پاسەوانی نیشتمانیمان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو لە واشنتن جێگیر بکرێن.
ترەمپ گوتیشی: ڕۆژی هەینی دەچم ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا دەبینم و گفتوگۆیەکی ڕاستەقینە دەکەین و پێی دەڵێم دەبێت کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا بهێنیت. پێشتریش لەگەڵ پوتن قسەم کردووە، ئەویش دەیەوێت کۆببێتەوە. پێم وایە لە ئاگربەست نزیک دەبینەوە. هاوکات دوای کۆبوونەوەکە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ زێلێنسکی و سەرکردەکانی ئەورووپا دەکەم.
سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەشی خستەڕوو، دۆخەکە ئێستا زۆر ئاڵۆزە، بەڵام سەیری هەموو بژاردەکان دەکەن. ڕەنگە پێویست بکات ئەو دوو وڵاتە دەستبەرداری هەندێک ناوچەکانیان ببن، هەوڵدەدەین ئاگربەستێکی دادپەروەرانەمان هەبێت.گوتیشی: دەزانم زێلێنسکی نایەوێت دەستبەرداری هیچ خاکێکی بێت، بەڵام دەبێت واقیعی بێت و درێژە بەو جەنگە نەدات. چونکە بەگوێرەی ڕاپرسییەک 88%ی ئۆکراینییەکان دەیانەوێت ئاگربەست ڕابگەیەندرێت.
ترەمپ ئاماژەشی دا، کۆبوونەوەی داهاتوو لە نێوان پوتن و زیلێنسکی دەبێت، ئەگەر پێویستیشی بکات، منیش ئامادە دەبم.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی سەرۆکی ئەمەریکا ستایشی ڕووسیا کرد و بە نەتەوەیەکی شەڕکەر ناوی برد و گوتی ئەوان شەڕێکی زۆریان کردووە و لە هیتلەر و ناپلیۆنیان بردووەتەوە.
وەڵام بدەوه