سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پوتن و زێلێنسکی وەکوو بە سرکە و ڕۆن وان دەشڵێت، ئەگەر پێویست بکات لە ڕێکخستنی کۆبوونەوەی نێوان ئەو دوو سەرۆکە دەستتێوەردان دەکات.
هەینی 22ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە دواین لێدوانی لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: چاودێری دۆخەکە دەکەین بزانین ئەو دوو سەرۆکە کۆدەبنەوە، چونکە دەزانم ئەوان وەکوو" ڕۆن و سرکە" وان هەرگیز لەگەڵ پێکەوە ناگونجێن.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، چاودێری دەکات ئەگەر پێویست بکات، ئەوا بەشداری کۆبوونەوەی نێوانیان دەکات. دەشڵێت: بەداخەوەم کە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە و ڕۆژانە سەربازی یەک دیکە دەکوژن
ئەمڕۆ هەینی، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە چاوپێکەوتنی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند، هیچ پلانێک بۆ کۆبوونەوەی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دانەنراوە. گوتیشی: ڕووسیا ئامادەیە سازش لەسەر هەندێک لەو بابەتانە بکات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی پێ داوە، بەڵام زێلێنسکی هەموو ئەو مەرجەکانی مۆسکۆی ڕەت کردووەتەوە کە بە پێوستی دەزانین بۆ پرۆسەی ئاشتی لە ئۆکرانیا.
هەروەها ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، لە کیێڤ، گوتی: لە کۆبوونەوەی نێوانمان باسمان لە گەرەنتی ئەمنی بۆ ئۆکرانیا کرد. داواشی لە هاوپەیمانانی وڵاتەکەی کرد، فشار بخەنە سەر ڕووسیا بۆ ئەوەی نیازێک بۆ گەیشت بە پرۆسەی ئاشتی نیشان بدات، ئەگەر نا سزای نوێ بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنن. هاوکات جەختی لەوە کردووە، ڕووسەکان هەموو هەوڵێک دەدەن، بۆ ئەوەی ڕێگریم لێ بکەن لەگەڵ پوتن کۆببمەوە.
ڕۆژی دووشەممە 18ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ و زێلێنسکی لە کۆشکی سپی بە ئامادەبوونی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک فەرەنسا، ئەلێکساندەر ستەبی، سەرۆک فینلەندا، جیۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، کییەر ستارمەری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، فریدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە ترەمپ ڕایگەیاندبوو، بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لە نێوان سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتن کردووە، پوتنیش ڕەتی نەکردووەتەوە.
هەروەها کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەورووپا و ئەمەریکا لە دەرەنجامی کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی 15ی ئابی 2025 لە نێوان سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا کرا.
وەڵام بدەوه