Kurdistan Press - هەولێر شاری دێرینی هاوپەیمانی ئەمریکایە هەولێر شاری دێرینی هاوپەیمانی ئەمریکایە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

هەولێر شاری دێرینی هاوپەیمانی ئەمریکایە

گۆڤاری (فۆربێس)ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکیدا تیشکی خستووەتە سەر هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و ڕۆڵی گرنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆر. هەروەها ڕایگەیاندووە: "چاوەڕوان دەکرێت هێزەکانی ئەمریکا لە دوای ساڵی 2026 بەیەكجاری لە هەولێر جێگیر بن."

لەو ڕاپۆرتەدا گۆڤارە ئەمریکییەکە، جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر بە وتەیەکی سەرسوڕهێنەر وەسف دەکات و شارەکە بە "ماڵی هاوپەیمانە دێرینەکانی ئەمریکا" ناودێر دەکات

گۆڤارەکە ئەمریکییەکە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەم جموجۆڵانەی ئەمریکا لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئەو هێزانەدان کە لەنێوان واشنتۆن و بەغدا ڕێکەوتنی لەسەر کراوە.. هەروەها لە مانگی ئابدا هێزەکانی ئەمریکا دەستیان بە چۆڵکردنی بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد کردووە، ئەمەش پێش ئەو وادەیەیە کە ڕێكکەوتنی لەسەر کراوە."

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە؛ هەر کاتێک هێزەکانی ئەمریکا بە تەواوی لە هەولێر جێگر بوون، تەنیا دوو هەزار سەربازی ئەمریکی لە عێراق دەمێننەوە کە زۆرینەی ڕەهایان لە هەرێمی کوردستان جێگیر دەبن

لەو ڕاپۆرتەدا ئەوەش هاتووە: "لە بنکەی ئاسمانیی هەولێرەوە، واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە سووریا، بەمەش هەولێر دەبێتە پێگەیەکی گرنگ بۆ بەردەوامی پشتیوانی و بەشداریکردنی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی تیرۆر."

گۆڤاری فۆربێس ی ئەمریکی، بە سەرنجدان بە پلانی فراوانکردنی بنکەی ئاسمانیی هەولێر کە دەکەوێتە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شارەکە، ئاماژەی بەوە کردووە: "ڕەنگە هێزەکانی ئەمریکا لە دوای ساڵی 2026 لەوێ بمێننەوە، بەتایبەتی ئەگەر دۆخی سووریا ناسەقامگیری بمێنێتەوە."

گۆڤارە ئەمریکییەکە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە: "هەولێر بە لەبەرچاوگرتنی نزیکیی جوگرافی و ئاسانی گەیشتن و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی، شوێنێکی گرنگە بۆ مانەوەی ئەمریکا و ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش. "سەیر نییە کە هەندێک لەو هەلیکۆپتەرانەی هەڵگری هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا بوون لە ئۆکتۆبەری 2019دا (ئەبوبەکر بەغداد)ی سەرکردەی داعشیان لە پارێزگای ئیدلیبی سووریا کوشت، لە هەولێرەوە هەڵفڕین."

گۆڤاری فۆربێس، باسی لەوەش کردووە: "داعش لە لوتکەی دەسەڵاتی خۆیدا بوو لە مانگی حوزەیرانی 2014، کاتێک بەغدادی دامەزراندنی خەلافەتێکی لە سەرانسەری وڵاتەکە ڕاگەیاند. ئەوکات ناوچەیەکی بەرفراوانی لە عێراق و سووریا داگیر کردبوو، دوای دوو مانگ بڕیاری هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستانی دا.“

گۆڤارەکە ئەمریکیەکە ڕوونیشی کردووەتەوە: "ئیدارەی ئۆباما تەنیا کاتێک ڕێگەی بە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر داعش داوە، کە چەکدارانی داعش لە هەولێر نزیک بوونەتەوە، ئەمەش سەرەتای جەنگی ئەمریکا بوو کە دواجار خەلافەتی داعشی لەناو برد."

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا، گۆڤارە ئەمریکیەکە بە ئاماژەدان بە قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان نووسیویەتی: "هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ساڵانێک لە بەرامبەر داعش قارەمانانە خۆیان ڕاگرت و ڕێگرییان کرد لە فراوانبوونی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە. هاوکات هەوڵەکانیان ڕێگەی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی عێراق خۆش کرد کە دواتر موسڵی کۆنترۆڵ کردەوە. هاوکات هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سەرکردایەتیی کوردەکان، ڕەقەیان کۆنترۆڵ کردەوە."

لەو ڕاپۆرتەدا، ئاماژە بەوەش کراوە: "داعش هێشتا شانە خەوتووەکانی لە هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا چالاکە، ئەمە پێویستی بە پشتیوانی بەردەوامی ئەمریکا هەیە بۆ هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر."

گۆڤارە ئەمریکیەکە، هەروەها دووپاتی کردووەتەوە: "سوپای ئەمریکا لەساڵی 1991وە لەدوای جەنگی کەنداو بە بەردەوامی ڕۆڵی سەرەکی لە پاراستنی هەولێر و ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی کورد بینیوە، لە ڕێگەی ناوچەی دژەفڕین بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بەسەر بەشێکی زۆری ناوچەکەدا بۆ پاراستنی کورد لە هێزەکانی سەدام حوسێن."

هەروەها گۆڤارەکە، لێدوانێکی ساڵی 1993ی، سەرۆک مەسعوود بارزانیی لەگەڵ ڕۆژنامەنووس (دەیڤید هێرس)ی بەبیر هێناوەتەوە، کە ڕایگەیاندبوو: "دڵنیایی لە ئەمریکا وەرگرتووە، ئەگەر هێزەکانی سەدام بە تۆپ یان مووشەک هێرش بکەنە سەر ناوەندەکانی دانیشتوانی کوردستان، دەستوەردان دەکەن."

بێجگە لەوەش، ڕاپۆرتەکە پێیوایە؛ هەرێمی کوردستان لە سەرەتای شەڕی ڕووخانی سەدام حوسێن ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ناوچەکەدا هەبووە، بەو پێیەی هێزەکانی ئەمریکا بنکەی ئاسمانیی هەریر لە پارێزگای هەولێر بەکار هێنا. ئاماژە بەوەش دەکات کە لە کاتی شەڕی عێراقی دواتردا، "یەک سەربازی ئەمریکی یان هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان نەکوژراوە.“

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا، گۆڤارە ئەمریکییەکە باس لە بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی ئێران دەکات بۆ سەر هەرێمی کوردستان، دوو جار بە مووشەکی بالیستیک، لە مانگی ئاداری 2022 و 1ی 2024، هەردوو هێرشەکە شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەتی بازرگانانی ناوچەکەیان کردە ئامانج. هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات لە مانگی نیسانی 2024، ئەمریکا سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی MIM-104 پاتریۆتی لە هەولێر جێگیر کردووە، بە مەستی پاراستنی ئاسمانی ناوچەکە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه