"باج لە بەرانبەر باج" چین وەڵامی ئەمەریكا دەداتەوە و سزای كەشتییەكانی دەدات
ئەمڕۆ هەینی، حكوومەتی چین ڕای گەیاند كە نیازی هەیە باجێكی تایبەت بەسەر كەشتییە ئەمەریكییەكاندا بسەپێنێت لە بەندەرەكانیدا، ئەمەش وەك وەڵامێك بۆ ڕێكارەكانی ئەم دواییەی ئەمەریكا.
وەزارەتی گواستنەوەی چین لە بەیاننامەیەكدا ڕای گەیاند، ئەم باجانە لە ڕۆژی سێشەممەی داهاتووەوە، 14ی تشرینی یەكەم، جێبەجێ دەكرێن و ئەو كەشتیانە دەگرێتەوە كە خاوەندارێتییان یان بەكرێگرتنیان دەگەڕێتەوە بۆ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان، هەروەها ئەو كەشتیانەی كە لە ئەمەریكا دروست كراون.
بەپێی بەیاننامەكە، بەسەر كەشتییە ئەمەریكییەكاندا كە دەگەنە چین، بڕی 400 یوان (56 دۆلار) بۆ هەر تەنێكی پوخت دادەنرێت و ئەم بڕە لە مانگی نیساندا بۆ 640 یوان بەرز دەبێتەوە، پاشان ساڵانە زیاد دەكات.
وەزارەتەكە ڕوونی كردووەتەوە كە "باجە تایبەتەكان لە بەندەرەكاندا بۆ هەر گەشتێكی كەشتییەكە بۆ چین جێبەجێ دەكرێت، نەك بۆ هەر بەندەرێك كە سەردانی دەكات"، هەروەها "باجەكە زیاتر لە پێنج جار لە ساڵێكدا بەسەر یەك كەشتیدا ناسەپێنرێت."
جێبەجێكردنی ئەم باجانە لە هەمان ڕۆژدا دەست پێ دەكات كە بەندەرە ئەمەریكییەكان دەست دەكەن بە سەپاندنی باج بەسەر ئەو كەشتیانەی كە لەلایەن چینەوە بەكاردەهێنرێن یان دروست كراون.
گوتەبێژێك بەناوی وەزارەتی گواستنەوەی چینەوە ئەم باجانەی بە "ڕێكارێكی یاسایی بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندییە یاساییەكانی كۆمپانیا چینییەكانی بواری گواستنەوەی دەریایی" وەسف كرد.
وەڵام بدەوه