وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی شەممە، ڕایگەیاند کە بڕی 15 ملیۆن دۆلار وەک پاداشت دەدات بەو کەسانەی زانیاری لەسەر "دوو کەسی ئێرانی بە ناوەکانی مەجید نیلی و مەهدی فەرشچی" و لەسەر چالاکییەکانی کۆمپانیای بازرگانی "بە ژول پارس" دەدەن.
پرۆگرامی "پاداشت بۆ دادپەروەری"ی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ڕایگەیاندووە، "نیلی و فەرشچی هەوڵیان داوە لە ڕێگەی ئەم کۆمپانیایەوە بە شێوەیەکی نایاسایی تەکنەلۆژیا و کەرەستەی هەستیار بەدەست بهێنن کە کەرتی سەربازیی ئێران، لەوانەش سوپای پاسداران، پێویستی پێیەتی".
هەژمارەکە داوای لە بەکارهێنەران کردووە "پەیوەندی بە پرۆگرامەکەوە بکەن ئەگەر هیچ زانیارییەکیان لەسەر نیلی یان فەرشچی یان لەسەر چالاکییە داراییەکانی کۆمپانیای بە ژوڵ پارس هەبێت".
وەزارەتی گەنجینەى ئەمریکا، لە 30ی تەممووزی ڕابردوو، گەورەترین گورزەى سزاکانی پەیوەندیدار بە ئێرانی لە ساڵی 2018ەوە ڕاگەیاندبوو، کە زیاتر لە 100 کەس و قەوارە و کەشتیی بارهەڵگری نەوتی سەر بە حوسێن شەمخانی، نەوەی ڕاوێژکاری سیاسی ڕێبەری ئێران، عەلی شەمخانی دەگرێتەوە.
ئەم سزایانە لە کاتێکدان کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەلایەن و ئێران و ئیسرائیل لەلایەکی دیکە بەرەو خراپتر چوونە و ئاسۆکانی دانوستان لەسەر بەرنامەى ئەتۆمی و مووشەکیی ئێران نەچوونەتە پێشەوە.
وەڵام بدەوه