ئەمڕۆ چوارشەم ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا سەردانی رووسیای كرد و لە مۆسكۆ لە لایەن ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا پێشوازی لێ كرا، لە یەكەم سەردانی شەرع بۆ رووسیا لە دوای وەرگرتنی دەسەڵات لە وڵاتەكەی، پوتین و شەرع لە دیدارەكەیان باسی چەند پرسێكی گرنگیان كرد و چاوەڕوان دەكرێت چەند رێككەوتنێك واژوو بكەن.
وەك میدیاكان باسیان كرد لە گرنگترین ئەو دۆسیانەی بڕیارە لە سەردانەكەی سەرۆكی سووریا بۆ مۆسكۆ سەرنجی بخرێتە سەر و باس بكرێت و رێككەوتنی لەبارەوە واژوو بكرێت، لەوانە ستراتیجی و سەربازی، وەك نوێكردنەوەی مۆڵەتی مانەوەی دوو بنكە سەربازییەكەی رووسیا لە سووریا لە حمەیمیم و تەرتووس لە كەناراوەكانی سووریا، بەو پێیەی رۆڵیان لە گەیاندنی یارمەتی مرۆیی رووسیا بۆ ئەفریقیا هەیە.
جیا لەوە بڕیارە چەند گرێبەستێك بۆ پێدانی چەكی رووسی بە سوپای سووریا واژوو بكرێت، بەتایبەتی لە بواری بەرگریی ئاسمانی، هەروەها لە دۆسیەی ئاوەدانكردنەوەی سووریا، كۆمپانیاكانی رووسیا بەشداری لە بنیاتنانەوەی ژێرخانی سووریا بكەن، لەسەر ئاستی سیاسیش رووسیا پاڵپشتی لە حكوومەتی ئێستەی سووریا بكات، بەتایبەتی لە هەوڵەكانی بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی خاكی وڵاتەكە و پاراستنی یەكپارچەیی خاكەكەی.
هەر لە سەردانەكە باسی پاڵپشتیكردنی مۆسكۆ دەكرێت بۆ لابردنی سزاكانی سەر سووریا، بەتایبەتی لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی ئاسایش لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەوە جیا لەوەی وەك دوێنێ میدیاكان باسیان كرد بەوەی سەرۆكی سووریا داوا لە مۆسكۆ دەكات بەشار ئەسەد سەرۆكی پێشووی سووریای رادەست بكاتەوە بۆ دادگاییكردنی بەهۆی ئەو تاوانانەی ئەنجامی داوە.
ئەمەو وەك میدیاكانی رووسیا بڵاویان كردەوە لە دیدارەكەی پوتین و شەرع، سەرۆكی رووسیا دووپاتی كردووەتەوە كە وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ بەهێزكردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ دیمەشق و شەرعیش سەرۆكی رووسیای دڵنیا كردووەتەوە بەوەی سووریا پابەندە بە هەموو رێككەوتنەكانی پێشووی لەگەڵ رووسیا و رێزیان لێ دەگرێت.
وەڵام بدەوه