مایك پۆمپیۆ وه‌زیری پێشتری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له وتارێكدا كه له فۆكس‌نیوز بڵاوی كردووه‌ته‌وه، باسی له قه‌یرانه ناوخۆییه‌كانی ئێران و لاوازبوونی كۆماری ئیسلامی له ئاستی ناوچه‌یی كردووه و پێی وایه، ده‌بێت حكوومه‌تی تره‌مپ گوشاری زیاتر بخاته سه‌ر ئێران تا رووخانه‌كه‌ی بۆ خه‌ڵكی وڵاته‌كه ئاسانتر ببێت.
ئه‌و ئاماژه‌ی داوه كه كۆماری ئیسلامیی ئێران، هێزه‌كه‌ی جاران نییه و له ته‌واوی به‌ره‌كان و تووشی قه‌یران بووه، ژێرخانه سه‌ربازییه‌كه‌ی زۆر لاواز بووه و زیانێكی زۆر به‌ر پلانه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی كه‌وتووه و تۆڕی گرووپه پرۆكسییهكانیشی له ته‌واوی ناوچه‌كه له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاون.
له ناوخۆی ئێران دۆخه‌كه زۆر خراپتر بووه و به‌هۆی خراپیی لایه‌نی كارگێڕی و گه‌نده‌ڵی و په‌راوێزخرانی وڵاته‌كه له ئاست كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، ئابووری داڕماوه و وڵاته‌كه ته‌نانه‌ت ئاوی نییه بۆ دانیشتووانه‌كه‌ی دابینی بكات.
مایك پۆمپیۆ ره‌تی ده‌كاته‌وه له‌م دۆخه‌ی ئێسته‌دا هیچ جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران نه‌بێت و پێی وایه، ملیۆنان ئێرانی ئامانجیان ئه‌وه‌یه رژێمه‌كه‌یان بگۆڕن و ته‌نانه‌ت له پێناو ئه‌و ئامانجه‌دا گیانیان به‌خت كردووه و جگه له‌مه، ئێران ئۆپۆزسیۆنی به‌هێز و رێكخراو و دیموكراتیكی هه‌یه.
هاوكات ئاماژه‌ی داوه كه خه‌ڵكی ئێران نه رژێمی ئیسلامی و مه‌زه‌وی و نه رژێمی پاشایه‌تییان ده‌وێت، ده‌خوازن حكوومه‌تێكی دیموكراتیك دابمه‌زرێت كه به‌رانبه‌ر خه‌ڵك به‌رپرسیار بێت.
مایك پۆمپیۆ له به‌شێكی تری وتاره‌كه‌یدا نووسیویه‌تی، ئێران هه‌مان نیشانه‌ی به‌ر له رووخانی دیواری به‌رلین و رژێمی ئه‌سه‌دی هه‌یه و كۆتایی به‌و رژێمه‌ش ده‌هێنرێت.
پێویسته بگوترێ كاتێك له خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تیی دۆناڵد تره‌مپ، مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بوو، ئه‌و یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی كه لایه‌نگری له ره‌چاوكردنی زۆرترین گوشار بۆ سه‌ر كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌كرد. پۆمپیۆ پێی وایه ئه‌ركی سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه نییه رێك كاتی رووخانی رژێمه‌كه پێشبینی بكه‌ن، به‌ڵكو ده‌بێت كارێك بكه‌ن كه‌شه‌كه به‌شێوه‌یه‌ك بگۆڕن و له‌باری بكه‌ن ئه‌گه‌ر هه‌ر جۆره رووخانێك رووی دا، ئه‌وا ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی سه‌قامگیری بێت نه‌ك پاشاگه‌ردانی و پشێوی. ئه‌م رێكاره پێویستی به روانگه‌یه‌ك هه‌یه كه واقیع به ته‌واوی بخوێنێته‌وه و خۆی له ته‌واوی هاوكێشه دیپلۆماسییه شكستخواردووه‌كانی رابردوو رزگار بكات.
وه‌زیری پێشتری ده‌ره‌وه‌ی ئێران باسی له سیاسه‌تی ئێسته‌ی دۆناڵد تره‌مپ و حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا ده‌رحه‌ق به ئێران كرد و ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ی روو ده‌دات درێژه‌ی سیاسه‌تی كابینه‌ی یه‌كه‌مه، بۆیه دۆناڵد تره‌مپ ده‌رفه‌تێكی زێڕینی له به‌رده‌مدایه بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وتی رووخان و كۆتاهێنان به رژێمی ئیسلامی خێراتر بكات، ده‌ستكه‌وته مێژووییه‌كانی خۆی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به گۆڕانكاری و سه‌ركه‌وتنێكی مێژوویی ته‌واو بكات.
بەگوێرەی یۆرۆ نیوز مایك پۆمپیۆ روونی كرده‌وه، نابێت هیچ ده‌وڵه‌ت و رژێمێكی ده‌ره‌كی راسته‌وخۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران بڕووخێنێت، به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌و ئه‌ركه به خه‌ڵكی ئێران خۆی بسپێردرێت.
له كۆتاییدا ده‌ڵێت، ''ئێمه ده‌توانین له ده‌ره‌وه‌وه گوشاره‌كه زۆر زیاد بكه‌ین و له هه‌مان كاتدا پاڵپشتییه‌كانمان له خه‌ڵكی ئێران به‌رفراوان بكه‌ین، كه به‌دوای داهاتوویه‌كی ئاشتیخوازانه و سه‌قامگیر و لایه‌نگری رۆژئاوادا ده‌گه‌ڕێن، پێویسته یارمه‌تیی ویستی خه‌ڵكی ئێران بۆ گۆڕان بده‌ین، ئه‌ركه‌كه‌ی ئێمه زۆر ساكاره، ته‌نیا ئه‌وه‌یه له پاڵ خه‌ڵكی ئێران بوه‌ستین و ئه‌و پڕۆژه دیموكراتیكه به فه‌رمی بناسین كه خه‌ڵكی ئێران بۆ داهاتووی وڵاته‌كه داوای دەکات ، ده‌رگاكانی پاره و پارێزبه‌ندی و هه‌ر جۆره شه‌رعییه‌تێك كه مه‌لا ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ئێران پشتیان پێی به‌ستووه، دابخه‌ین.''


وەڵام بدەوه