لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی کتوپڕ و فرەڕەهەندا، هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا (دەلتا فۆرس) توانییان (نیکۆلاس مادۆرۆ) سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی لەناو حەشارگەکەیاندا دەستگیر بکەن. بەوەش کۆتاییان بە چەندین ساڵ گرژیی سیاسی و سەربازیی نێوان واشنتۆن و کاراکاسدا هێنا.
پلاندانان و پرۆڤە بۆ ئۆپەراسیۆنەکە
بەپێی راپۆرتێكی (یورونیوز)، ئامادەکارییەکان بۆ ئەم ئەرکە ئاڵۆزە چەندین مانگی خایاندووە. بەپێی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا و فەرماندە سەربازییەکانی، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لە مانگی ئابی ڕابردووەوە چاودێریی وردی هەموو وردەکارییەکانی ژیانی مادۆرۆیان کردووە، هەر لە خواردن و جۆری جلوبەرگەوە تا دەگاتە گەشت و جووڵە و تەنانەت ئاژەڵە ماڵییەکانیشی.
هاوكات یەکەی (دەلتا فۆرس) بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە، نموونەیەکی هاوشێوەی ماڵ و شوێنی مادۆرۆیان دروست کردووە و چەندین مانگ پرۆڤەی (هەڵکوتانە سەر)یان تێدا ئەنجام داوە.
ساتی دەستپێکردنی هێرشەکە
ئۆپەراسیۆنەکە لە رۆژەكانی سەری ساڵدا ئەنجام درا، دوای ئەوەی هێزەكانی ئەمریکا لە دەریای کاریبی چاوەڕێی ڕەخسانی کەشوهەوایەکی گونجاو بوون. لەگەڵ نەمانی هەورەکان، فەرمانی هێرشکردن دەرکرا. هێزە تایبەتەکان بە هێلیکۆپتەری پێشکەوتوو لەناو جەرگەی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی مادۆرۆ دابەزین.
مادۆرۆی سەرۆكی ڤەنزوێلا لەو ساتەدا هەوڵی دابوو پەنا بباتە بەر ژوورێکی قایمی پۆڵاڕێژ، بەڵام خێرایی هێزەکان ڕێگەیان پێی نەدا و لە تەنيا سێ خولەکدا ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی هات و خۆی و هاوسەرەکەی بێ ئەوەی بەرگرییەکی ئەوتۆ بکەن، خۆیان بەدەستەوە دا.
پاشخانی ئۆپەراسیۆنەکە
ئەم دەستگیرکردنە دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە تۆمەتی قاچاخيكردن بە هۆشبەرەكانی ئاڕاستەی مادۆرۆ کردبوو و پاداشتێکی ٥٠ ملیۆن دۆلاریی بۆ دەستگیرکردنی تەرخان کردبوو. لە چەند مانگی ڕابردووشدا، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا زیاتر لە ٣٠ کەشتیی گومانلێکراویان لە ناوچەکە تێکشکاند کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە ١٠٠ کەس و توندتربوونی گەمارۆکانی سەر کەرتی نەوتیی ئەو وڵاتە.


وەڵام بدەوه