ئه‌مه‌ریكا پێشنیارى ئێران ره‌ت ده‌كاته‌وه
ئێران ئاماده نییه گفتوگۆ له‌سه‌ر سێ داواكارى تره‌مپ بكات
ئێران داواى كردووه 100 ملیار دۆلاره‌كه‌ى پێ بدرێته‌وه و نه‌وت هه‌نارده بكات
دوو به‌رپرسى ئه‌مه‌ریكى دووپاتیان كردووه‌ته‌وه ئامانجى حكوومه‌تى دۆناڵد تره‌مپ له دۆسیه‌ى ئێران روون نییه و سه‌رچاوه‌ى تریش ده‌ڵێن، پێشبینى ده‌كرێت دانوستاندنه‌كه شكست بهێنێ، چونكه ئێران ته‌نیا ده‌یه‌وێ گفتوگۆ له‌سه‌ر پرۆگرامى ئه‌تۆمى بكات و باسى بابه‌ته‌كانى تر نه‌كرێت.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى شه‌شى شوبات له مه‌سقه‌ت پایته‌ختى عومان دانوستاندنى ناڕاسته‌وخۆى ئێران و ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێوه چوو. به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى بڵاوكراونه‌ته‌وه، ئێران ته‌نیا ده‌یه‌وێ باسى پرۆگرامى ئه‌تۆمى بكات و بۆ ئه‌مه‌یش ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر دوو خاڵ داوه، یه‌كه‌میان رێژه‌ى پیتاندنى یۆرانیۆم كه‌م بكرێته‌وه، بڕێكى زۆرى یۆرانیۆمى پیتێنراوى ئێران به چاودێرى نێوده‌وڵه‌تى بۆ رووسیا بگوازرێته‌وه.
ئێران ته‌واوى بابه‌ته‌كانى تر‌ى فه‌رامۆش كردووه و ته‌نانه‌ت به "هێڵى سوورى" ده‌زانێت و نایه‌وێ گفتوگۆى له‌سه‌ر بكرێت. بۆیه سه‌رچاوه دیپلۆماساییه‌كان له وڵاتانى رۆژئاوا پێشبینى ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ریكا پێشنیاره‌كانى ئێران ره‌ت بكاته‌وه. چونكه پێشتر دووپاتى ئه‌وه كراوه‌ته‌وه حكوومه‌تى تره‌مپ چوار داواكارى له ئێران هه‌یه.
یه‌كه‌میان: ئێران وازى له پرۆگرامى ئه‌تۆمى بهێنێ. دووه‌م: ئێران ده‌ستبه‌ردارى پرۆگرامى مووشه‌كى بالیستى بێت. سێیه‌م: هاوكارى میلیشیاكانى شیعه نه‌كات له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، دوایین داواكاریش ئه‌وه‌یه: توندوتیژى له‌به‌رانبه‌ر خۆپیشانده‌ران رابگرێت.
سه‌رچاوه‌كان به ئیره‌م نیوزیان راگه‌یاندووه، ئه‌مه دوایین هه‌ل ده‌بێت بۆ دوورخستنه‌وه‌ى ئه‌گه‌رى شه‌ڕ له ناوچه‌كه. هه‌روه‌ها پێشبینیان كردووه ئه‌و دانوستاندنه سبه‌یش به‌رده‌وام بێت. ئه‌وان باس له داواكارییه‌كانى ئێران ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ئێران داواى كردووه سزاكانى كه‌م بكرێته‌وه له‌وانه: ده‌ستى به 100 ملیار دۆلارى سڕكراو بگات، هه‌روه‌ها رێگه بدرێت نه‌وت هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه بكات.
هاوكات دوو به‌رپرسى ئه‌مه‌ریكا بۆ سكاى نیوز قسه‌یان كردووه و باسى ئه‌وه‌یان كردووه، ئامانجى حكوومه‌تى تره‌مپ له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ى ئێران روون نییه. ئه‌و به‌رپرسانه دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه ته‌نانه‌ت له هه‌ر كرده‌یه‌كى سه‌ربازى ئه‌گه‌ر ئه‌نجام بدرێت، ئه‌وا ئامانجى تره‌مپ روون نییه ئاخۆ ده‌یه‌وێ رژێمى ئێران بگۆڕێت یانیش دیار نییه ئه‌مه‌ریكا دواى هه‌وڵێكى له‌و جۆره چ رۆڵێك له به‌رانبه‌ر ئێران ده‌گێڕێت.
هه‌روه‌ها پرسیارى ئه‌وه‌یش ده‌كرێت ئایا ورده‌كارى پلانى سه‌ربازى ئه‌مه‌ریكا چى ده‌بێت؟ ئه‌گه‌رهاتوو دانوستاندن شكستى هێنا. ئایا ته‌نیا هێرش ده‌كرێته سه‌ر پێگه ئه‌تۆمى و مووشه‌كییه‌كان یانیش هێرشێكى به‌رفراوان ده‌كرێته سه‌ر ئێران؟ وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت بێ ئومێدبوون له ئه‌نجامى دانوستاندنه‌كانى ئه‌مڕۆ، وا ده‌كات تاوتوێكردنى بژارده‌ى سه‌ربازیش دژ به ئێران له میدیاى رۆژئاوا و له‌لاى شاره‌زایان ئاماده بێت.


وەڵام بدەوه