Kurdistan Press - زەنگی کوشتنی خامنەیی لێدرا زەنگی کوشتنی خامنەیی لێدرا | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

زەنگی کوشتنی خامنەیی لێدرا

سایتی (ئەكسیۆس) لە راپۆرتێكدا بە ناونیشانی (لە پیتاندنی یۆرانیۆمەوە بەشێوەیەكی سیمبولی بۆ كوشتنی خامنەیی): 

ستراتیژیەتی گریمانەكراوی ئیدارەی ترەمپ لەبەرامبەر ئێران و ئەو بژاردانەی كە پێشنیاركراون بۆ گفتوگۆ؛ لە رێگەدان بە پیتاندنی یۆرانیۆم بەشێوەیەكی سنوردارو سیمبولییەوە دەستپێدەكات تا بیركردنەوە لە كوشتنی عەلی خامنەیی رابەری باڵا. 

ئەمە تەنیا گەڕێكی تری شەڕەقسەی نێوان واشنتۆن و تاران نییە، ئەمە ساتێكە كە رەنگە لە ریشەوە روخساری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت، نەك ئەمە دەكرێت پێگەی جیهانی ئەمریكاش بۆ ساڵانی ئایندە بگۆڕێت. 

هەندێک لە بەرپرسان پێشنیازی ئەوە دەکەن ئەمریکا بیر لەوە بكاتەوە رێگە بە ئێران بدات پارێزگاری لە بەرنامەیەكی بچوكی پیتاندنی یۆرانیۆم بكاتەوە، بەرنامەیەك كە چاودێرییەكی توندی لەسەر بێت و لەناوەڕۆكدا شتێكی سیمبولی بێت و زۆر سنوردار بێت، دڵنیابێت لەوەی زامنی ئەوەی كردووە وەكو چەكی ئەتۆمی بەكارناهێنرێت. دەكرێت ئەم پیتاندنە سیمبولییە چارەسەرێكی مامناوەندی دیپلۆماسی بێت كە تێیدا هەم ئێران پارێزگاری لە مافی پیتاندن بكات و؛ هەم ئەمریكاش لەوە دڵنیا بێت كە گەرەنتی میكانیزمی توندی كردووە بۆ رێگری لە پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی. 

بەڵام تاوەكو دیپلۆماسیەت لەگەڵ ئێران بێمتمانەیی لەگەڵدا بێت، توندڕەزەكان لە واشنتۆن وای دەبینن هەر توانایەك بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم هەرچەندە سنورداریش بێت، رێگە لەبەردەم پەرەسەندن دەكاتەوە، لەبەرامبەردا گروپەكانی ناو تارانیش هەر كۆتوبەندێك بە پێشێلكردنی سەروەریی دەزانن. 

پرسیار ئەوەیە: ئایا سازانی رەمزی دەتوانێت بەراستی متمانە دروست بكات لەبەر رۆشنایی دەیان ساڵ لە گومان.

راپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن راوێژكارە سەربازییەكان چەند سیناریۆیەكیان پێشكەش كردووە كە (گورزی راستەوخۆی سەربازی دژ بە سەركردایەتی ئێران) لەخۆدەگرێت، لەناویدا بەئامانجگرتنی خامنەیی خۆی. دەستەواژەی "لەناوبردنی خامنەیی" ئاماژەی زۆر مەترسیداری هەڵگرتووە. 

كوشتنی رابەری باڵای دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی تەنیا مانۆڕێكی تەكتیكی سنوردار نییە، بەڵكو پەرەسەندنێكی بێ پێشینەیە لە پەیوەندییەكانی ئەمریكاو ئێران و، لێكەوتنەكانی بۆ دورتر لە تاران درێژ دەبێتەوەو عێراق و لوبنان و ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو و رەنگە بازاڕی جیهانی وزەش بگرێتەوە.  

مێژوو دەریدەخات ئەوەی پێی دەوترێت "ستراتیژیەتی كوشتنی سەرە گەورەكە" بەدەگمەن گەرەنتی داڕمانی رژێمەكە دەكات، بەڵكو زۆربەی جار سەردەكێشێت بۆ ئاژاوەو تۆڵەكردنەوەو پتەوبوونی ئیرادەی ئەو سەركردانەی كە ماونەتەوە. لە حاڵەتی ئێراندا، رژێمە سیاسییەكە پشتی تەنیا بە كەسێك نەبەستووە، بەڵكو پەیكەری دەسەڵاتەكە بەقوڵی رۆچووەتە ناو سوپای پاسداران و دامەزراوە ئاینییەكانەوە.

رەنگە ئەمە بەشێك بێت لە تەكتیكی دانوستان. لە دیپلۆماسیەتی پڕ لە مەترسیدا، دەكرێت نمایشكردنی هێز وەكو كارتی فشار بەكاربهێنرێت، ئەگەر تاران زانی كە كردەوەی سەربازیی ئەگەرێكی راستەقینەیە، زیاتر مەیلی سازشكردنی دەبێت. 

وەلێ ئەم ستراتیژە مەترسی لەخۆیدا هەڵگرتووە، كاتێك هەردوولا گوتارو ئامادەگی سەربازی خۆیان لەیەك كاتدا توند دەكەنەوە، ئەگەری حساباتی هەڵە زیاتر دەبێت و، رەنگە سەربكێشێت بۆ روودانی رووداوێك، یان پێكدادانی بەوەكالەت یاخود سیگناڵێك كە بە هەڵە لێكبدرێتەوە، دەتوانێ وا بكات بەرلەوەی تەواوبوونی دانوستانەكان، تەرازووەكە بەرەو پێكدادان ببات.

سەرباری ئەو بژاردە جێ مشتومڕانەی پێشنیاز كراوە، هێشتا دانوستانەكان دانەڕماون و ئەمەش شتێكی زۆر بە بایەخە. 

تەنانەت لەناو پلانی سەربازیشدا، بەگوێرەی راپۆرتەكان هێشتا كەناڵە دیپلۆماسییە نافەرمییەكان چالاكن. دەوترێت ئێران پێشنیازەكانی ئامادە دەكات، لەكاتێكدا ئەمریكا هەڵسەنگاندن بۆ چوارچێوە گریمانەكراوەكان دەكات. ئەم پێكەوەژیانە لەنێوان هەڕەشەكان و گفتوگۆ، ئاماژەی دینامیكێكی ئاشنا، بەڵام ناسكە. دیپلۆماسی باشترین کاریگەری دەبێت کاتێک هەردوو لایەن بەرژەوەندی لە دانبەخۆداگرتندا دەببینن، بەڵام لەو ساتەدا کە هەر لایەكیان پێیوایە هێز ڕێگایەکی ڕوونتر پێشکەش دەکات، ئیتر هاندەر بۆ سازشکردن بچوک دەبێتەوە. هەفتەكانی ئایندە دیاری دەكەن ئایا كام رێگا  چالاكترە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه