كارەبای نیشتمانی لە كوبا پەكی كەوتووە، لە ٢٤ سەعات تەنیا پێنج بۆ شەش سەعات كارەبا هەیە، دوای پچڕانی كارەباش، دۆناڵد ترەمپ گوتی، گۆڕینی سیستەمی كوبا تەنیا لەسەر كات وەستاوە، گەمارۆیەكی سەختی ئابووریشی خستووەتە سەر كوبا.
لە رۆژی پێنجشەممە، كاتێك دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پێشوازیی لە یاریزانانی یانەی ئینتەر میامی لە كۆشكی سپی كرد و وتارێكی پێشكەش كرد، لە وتارەكەدا رووی كردە سەرۆكی یانەكە كە بەڕەگەز خەڵكی كوبایە پێی گوت: ”كەمی ماوە پیرۆزبایی لە سەركەوتنی رووخانی كوبا بكەیت، چەند بەرپرسێكی كوبا پێیان گوتوین دەمانەوێت رێككەوتن بكەین و زۆریش ئەوەیان دەوێت."سەرۆكی یانەكەش بەناوی مای لەوەڵامی خۆشخاڵی دەربری و گوتی، رۆژێكی زۆر خۆش دەبێت.
ڕۆژێك دوای ئەو كۆبوونەوەیە، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا ترەمپ ئاماژەی دا، لە ماوەیەكی زۆر كەمدا كوبا دەكەوێت.
باسی لەوەش كرد، لەگەڵ چەند بەرپرسێكی كوبا خەریكی دانوستاندنن و بۆ ئەمەشیان وەزیری دەرەوە دەنێرێتە كوبا، بەڵام روون نییە ئەنجامی كۆبوونەوەكە چۆن دەبێت.
زیاتر گوتی: ”لەم كاتەدا ئەوەی زۆر تیشكی دەخەینە سەر ئێرانە، بەڵام كاتمان زۆرە و كوبا دوای ٥٠ ساڵ ئامادەیە بۆ گۆڕانكاریی. هەروەها فشارەكانمان بۆ كوبا بەردەوامی دەبێت و پلانی باشمان بۆی داناوە."
دوای ئەوەی لە مانگی یەكی ئەمساڵدا بە بڕیاری ترەمپ، مادورۆ سەرۆكی فەنزوێلا رفێندرا و پاشان كەسێك بە دڵی ترەمپ بووە سەرۆك، ئەو نەوتەی لە فەنزوێلاوە بۆ كوبا دەڕۆی راگیرا، ئەمەش كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر كوبا دروست كردووە و قەیرانێكی سەختی دارایی رووی لەو وڵاتە كردووە. كارەبا كەم بووەتەوە، نرخی خۆراك گران بووە و پێداویستی تەندروستیش زۆر كەم بووە، بۆیە پارتە كۆمەنیستەكانی ئەورووپا، داوا دەكەن پەلە بكرێت لەوەی گەمارۆی ئابووریی سەر كوبا بشكێنرێت.
لە هاڤانەی پایتەختی كوبا، بەهۆی كەمی وزە بۆ خۆ گەرمكردنەوە، خەڵك لەسەر شەقامەكاندا زبڵ و خاشاك دەسووتێنن، ئەمەش وای كردووە شارەكە ببێتە پارچەیەك لە ئاگر و دوكەڵ و ژینگەی شارەكە زۆر پیس بووە.
ترەمپ بەڕوونی دەڵێت، گەمارۆی سەر كوبا ناشكێنن، دەیانەوێت فشار بخەنە سەر حكوومەت تا لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشێت و بەبڕیارەكانی ئەمریكا رازی بێت.
تاوەكوو ئێستا حكوومەتی كوبا بەهیچ شێوەیەك قسەكانی ترەمپی پشتڕاست نەكردووەتەوە بۆ دانووستاندن، هەروەها راول كاسترۆ، سەرۆكی كوبا، كە نەوەی كاسترۆ، شۆڕشگێڕی كوبا لەگەڵ گیڤارا توانی سەربەخۆیی بۆ كوبا بەدەست بهێنێت، هەموو هەوڵێكی دیبلۆماسی خۆی خستووەتە گەڕ تا بتوانێت گەمارۆیەكە بشكێنێت و بتوانێت وزە بۆ وڵاتەكەی هاوردە بكات.
یەكێك لە قەیرانەكانی تری كوبا، نەهاتنی گەشتیارە، چونكە بەهۆی ئەوەی بەنزین بۆ فرۆكەكانی كوبا دابین ناكرێت، بۆیە كۆمپانیاكانی تایبەت بە هێنانی گەشتیار لەوڵاتانی ترەوە بەرەو ئیفلاسبوون دەڕۆن، ئەمەش وای كردووە لەڕووی ئابوورییەوە قەیرانەكە سەهتتر ببێت.


وەڵام بدەوه