ماڵپهڕی ئاکسیۆس لهزاری ئهو سهرچاوانهوه بڵاویكردهوه، پنتاگۆن کار لەسەر بژاردەی سەربازیی دەکات بۆ "لێدانی کۆتایی" دژی ئێران، کە دەکرێت بەکارهێنانی هێزی زەمینی و هەڵمەتێکی بۆردومانی بەرفراوان لەخۆبگرێت، ئەو هەنگاوانە گرنگییەکی تایبەتیان هەیە چونکە ئەگەری هەڵکشانی سەربازیی گەورە زیاتر دەبێت ئەگەر هیچ پێشکەوتنێک لە دانوستانە دیپلۆماسییەکان ئەنجام نەدرێت، بەتایبەتی ئەگەر گەروی هورمز بە داخراویی بمێنێتەوە.
هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکا پێیانوایە نیشاندانی هێزی سەرسەخت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکان دەتوانێت هێزی زیاتر بە واشنتن بدات لە دانوستانەکانی ئاشتیدا، یان لانیکەم شتێک بۆ دۆناڵد ترەمپ دابین بکات کە ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی لەسەر بنیات بنێت.
بەڵام ئێران ڕۆڵی هەیە لە دیاریکردنی چۆنیەتی کۆتاییهاتنی شەڕەکە، بەو پێیەی زۆرێک لەو سیناریۆیانەی کە لەبەرچاو دەگیرێن مەترسی درێژکردنەوە و پەرەسەندنی شەڕەکە هەڵدەگرن، نەک بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و خێرا کۆتایی پێبهێنن.
هەروەها لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، سوپای ئەمریکا پلانی بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە قوڵایی خاکی ئێراندا ئامادەكردوه، بۆ دەستەبەرکردنی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو کە لەناو دامەزراوە ئەتۆمییەکان شاردراوهتهوه.
دۆناڵد ترهمپ، سهرۆكی ئهمریكا ئهمڕۆ پێنجشهممه له پهیامێكدا له ههژماری تایبهتی خۆی نوسیویهتی، "دانوستانکارانی ئێران زۆر جیاوازن و سەیرن، ئەوان سواڵمان لێدەکەن کە گرێبەستێک بکەین، کە دەبێت بیکەن لەبەر ئەوەی لە ڕوی سەربازییەوە سڕاونەتەوە، ئەگەری گەڕانەوەیان سفرە، لەگەڵ ئەوەشدا بە ئاشکرا دەڵێن کە تەنها سەیری پێشنیارەکەمان دەکەن".
ئاماژهی بهوهشكردوه، "هەڵەیه، باشترە زو جددی بن، پێش ئەوەی درەنگ بێت، چونکە کاتێک ئەوە ڕویدا، هیچ گەڕانەوەیەک بۆ دواوە نییە و جوان نابێت!".
بهگوێرهی زانیاریهكان، ئەمریکا لەبری ئەوەی ئۆپەراسیۆنێکی وائاڵۆز و مەترسیدار ئەنجام بدات، دەتوانێت پەنا بۆ هێرشی ئاسمانی بەرفراوان بۆ سەر ئەو دامەزراوانە ببات، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی ئێران لە داهاتودا دەستی بەو ماددانە نهگات.
بەڵام ترەمپ هێشتا بڕیارێکی نەداوە و بەرپرسانی کۆشکی سپی هەر ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی ئەگەرییان بە "گریمانەیی" وەسف کردوە، سهرچاوهكان دهڵێن، زیادبونی گرژییهكان لهگهڵ ئێران له ئهگهری سهرنهكهوتنی دانوستانهكان دێته ئاراوه.


وەڵام بدەوه