Kurdistan Press - بۆچی مووچە دابەش ناکرێت بۆچی مووچە دابەش ناکرێت | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

بۆچی مووچە دابەش ناکرێت

وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دیداریکدا لەگەڵ ژمارەیەک کەناڵی ڕاگەیاندن تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە دوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەربارەی مووچەی فەرمانبەران و مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لە دیدارێکی میدیاییدا رایگەیاند: "لە 2012ەوە سیاسەتێك دەستی پێكراوە و لە 2014ەوە دەستی پێكردووە و عاقیبەتەكەی بەمڕۆ گەیشتووە، بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بڕیار دراوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی عێراق بێت، ئەوكاتەی لە دانووستاندا بووین لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقی، پێداگریمان كردووە كە مافەكانمان وەكوو هاووڵاتییەكی عێراقی بێت، لە 4/4/2023 لەسەر دەستی هەردوو سەرۆك وەزیران دوایین ڕێككەوتنمان كرد، بەڵام مانگێكی نەخایاند، حكوومەتی قووڵ لە بەغدا لەو ڕێككەوتنە پەشیمان بۆوە."

ئاماژەشی بەوە دا: "كێشەی هەرێمی كوردستان لە 2014ەوە لە ئیبداعێكی حكوومەتی فیدڕاڵی دەستی پێكرد كە تاكلایەنە كردی و بریتی بوو لە قانونی ئینفاقی فیعلی، بە زارەكانی ئەو خەرجییانەیە كە بە فیعلی كراون، بەڵام راستییەكەی شتێكی ترە."

راشی گەیاند: "لە 2014ە عەبادی هاتۆتە سەر حوكم، بینیویەتی لە هەرێمی كوردستان 85 تا 90٪ خەرجیی فیعلی خەرج دەكرێت، هاتوون بە ناوی دادپەروەریی گەشەپێدانی پارێزگاكان، ئەم بابەتی نەفەقاتی فیعلییەیان هێناوەتە پێشەوە تاوەكوو گەشەكردنی ئێمە بەزۆر ڕابگیرێت تاوەكوو وەكوو پارێزگاكانی دیكەمان لێ بكرێت."

روونیشی کردەوە کە لە قانونی ئینفاقی فیعلی چەند زوڵمێكیان لە هەرێمی كوردستان كرد:

1- بەزۆر گەشەكردنی ئێمەیان راگرت، قسەكانی كاك نەوشیروان مستەفامان بینیوە كە بەزۆر نایانەوێت هەرێمی كوردستان پێش بكەوێت.

2- بۆ 15 پارێزگاكەی عێراق خەرجیی فعلییان حیساب كردووە، ئەوەی ئێمەیان نەخستۆتە سەر ئەو 15 پارێزگایە و دواتر دابەشی 18 بكرێت، بەڵكوو ئێمەشیان لەگەڵ 15ەكە حیساب كردووە.

3- بۆ ئێمە خەرجیی بەكارخستن و مووچەی فەرمانبەران و هەموو خەرجییەكانی دیكەیان خستە سەر نەفەقاتی فعلی، بەمەش لە جیاتی جارێك، سێ جار هەرێمی كوردستانیان لە قاڵب داوە.

وەزیری دارایی گوتیشی: "ئینفاقی فیعلی بۆ وەبەرهێنان بووە، بەڵام لە كرداریدا لەسەر كۆی خەرجییەكانی هەرێمیان حیساب كرد، لەگەڵیشیدا 17٪كەیان كرد بە 12.67٪."

لەبارەی پرسی نەوت ئەوەی خستە روو: "بابەتی نەوت وەك قەمیسەكەی عوسمانی لێهاتووە، هەرچییەكیان كردووە بە نسبەت نەفەقاتی فیعلییەوە، بە بابەتی نەوتەكەیان بەستاوەتەوە."

ئاماژەشی بەوە دا: "مەنتیقی ژمارە پێمان دەڵێ ئەو زوڵمەی لە هەرێمی كوردستان كراوە، زوڵمێكی ڕوونە، لەم دواییە لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی و دەسەڵاتدارانی بەغداش كۆدەنگییەكی دروست كردووە، لەم سەردانەی ئەم دواییە كە كردمان بۆ بەغدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، لە دوایین گەڕی دانووستانمان لەسەر دوو شتی ئەساسی قسەمان كرد، یەكەم لەسەر هەمواركردنی یاسای بودجە و تیمی حكوومەتی فیدڕاڵ پێش ئێمە گەیشتنە ئەو باوەڕەی كە قانونی ئینفاقی فیعلی كاری پێ ناكرێت."

ئاوات شێخ جەناب گوتیشی: "لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتە قەرارێكی تازە هاتووە كە مامەڵەمان هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق بكرێت، پارەیەكیان بۆ ناردووین كۆمەڵگەكەمان دابەشی دوو دەكات. وەكوو ئەوە وایە لوغمێك لەنێو كۆمەڵگەكەمان بێت، نزیكەی 300 تا 360 هەزار كەسمان ناوی بۆ مووچە نەهاتۆتەوە، بەو ئەزموونەی هەمانە، حكوومەتی فیدڕاڵی شتێكت لێ قەبووڵ كرد، لێت دەكات بە ئەمری واقیع."

راشی گەیاند: "هێزەكانی حەشدی شەعبی لە وەزارەتی دارایی عێراق مووچە وەرناگرن، بەڵكوو ئەوەندەی زانیاریمان هەیە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق مووچە وەردەگرن."

لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەكانەوە ئاماژەی بەوە دا کە خەریكە لەگەڵ بەغدا لەمبارەیەوە دەگەنە ڕێككەوتن.

گوتیشی: "بەغدا ئەگەر مووچەی مانگی سێمان بۆ بنێرن ئامادەین دابەشی بكەین، ئەگەر مووچەی مانگەكانی 10 و 11 و 12ی ساڵی 2023شمان بۆ بنێرن كە زوڵمێكە و نەیانناردووە، ئێمە دابەشی دەكەین."

وەزیری دارایی راشی گەیاند: "ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق زۆر کەمترە و هەرێمی کوردستان 16%ی مووچەخۆرانی عێراق پێکدەهێنێت."

جەختیشی لەوە کردەوە: "هەرێمی کوردستان بشکێت هەموومان دەشکێین، بەغدا مەبەستی سزادانی هەرێمی کوردستانە نەوەک حزبێک."

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه