بۆچی عێراق دژایەتی پرۆژەی ھەژماری من دەکات؟
بەهۆی ئەوەی پڕۆژەی "هەژماری من" یەكێكی ترە لەو پڕۆژانەی كە هەرێمی كوردستان چەندان هەنگاوی تر دەباتە پێش لە رووی پێشكەوتووییەوە، پسپۆڕێکی بواری دارایی و بانک رایدەگەیەنێت بەهۆی پێشكەوتوویی پڕۆژەی "هەژماری من" حكوومەتی عێراق دژی پڕۆژەكە وەستاوەتەوە و دووپاتیش دەكاتەوە پڕۆژەكە تەواو جێگەی متمانەیە و یاساییە.
ئەمڕۆ هەینی 29ی ئاداری 2024، دکتۆر ئەرشەد حاجی سدیق مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە بواری ژمێریاری و کارگێری دارایی و بانک راگەیاند، کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بەمەبەستی بەئەلیکترۆنیکردنی کاروباری حکوومەت و کەمکردنەوەی رۆتین و خەرجییەکان و کۆنترۆڵکردنی داهاتەکان و بەسیستەمکردنی مووچەی مووچەخۆران و گونجاندنی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان لەگەل سیستەمی بانکی نێودەولەتی و سیستەمی بانکی ولاتان، دەستی کرد بە پرۆژەی "هەژماری من" بۆ مووچەخۆران.
زیاتر گوتی، ئەم پرۆژە بە بەشداری چەندین بانکی باوەڕپێکراو لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتووەتە واری جێبەجێ کردن، ئەم پرۆژەی حکوومەتی هەرێم لەلایەن زۆربەی هاووڵاتیان و موچەخۆرانی هەرێم پێشوازی لێ کرا، بەڵام ناحەزان و نەیارانی کابینەی نۆیەم هەر زوو دژایەتی خۆیان بۆ ئەم پرۆژەیە راگەیاند، بێ بوونی شارەزایی لە سیستەمی بانکی و هیچ بنەمایەکی یاسایی، ئەم کارەشیان بۆ ئەوە بوو لە گرنگی کارەکانی کابینەی نۆیەم کەم بکەنەوە و کە بە ئاراستەی بوژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان و بە سیستەمکردنی سەرجەم سێکتەرەکانە.
ئاماژەی بەوەیشکرد، بەپێی ئەو رێکكەوتنەی ئەنجامدراوە لە نێوان حکوومەتی هەرێم و بانکەکان، پرۆژەی "هەژماری من" چەندین گرنگی و سوودی هەیە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم لەوانە ئالوگۆرکردن و وەرگرتن و دانی پارە بە کەمترین کات و کەمترین تێچوو، کڕینی پێداویستییەکانی رۆژانە بە ئاسانی لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم لە رێگەی کارتی بانکی، وەبەرهێنان و بازرگانی کردن بە هاوئاهەنگی كردن لەگەڵ بانکە باوەرپێکراوەکان، نەبوونی مەترسی سووتانی پارە و لەناوچوونی، دزی، تەڕ بوون و خۆپاراستن لە دراوی ساختە، سوودمەندبوونی مووچەخۆر لە 19 خزمەتگوزاری تری بانکی.
ڕوونیشی کردەوە، پرۆژەی (هەژماری من) بە شێوەیەکی فەرمی و یاسایی كەوتووەتە واری جێبەجێ کردن و بە ئاگاداری و لە چوارچێوەی یاسا و رێنوێنییەکانی بانکی ناوەندی عێراقی، بۆیە لە رووی یاساییەوە پرۆژەی "هەژماری من" پرۆژەیەکی تەواو جێی متمانە و یاساییە، بەڵام لەم چەند رۆژی رابردوو دادگای فیدراڵی عێراق و وەزیری دارایی عێراق دژاییەتی خۆیان بۆ ئەم پرۆژەی حکوومەتی هەرێم دەربڕی، ئەمەیش لە پێناو برسی کردن و خەرجنەکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی پلانی ناحەزانی کورد لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق و ئاستەنگ دروستکردن بۆ بووژانەوەی ئابووری هەرێم و کەمکردنەوەی هەژموونی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
ئەم مامۆستایەی زانكۆ گوتیشی، پرۆژەی "هەژماری من" لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیشەوە بە كوالێتی و سیستمی بانکی بەرز و بە کەمترین تێچوو بەراود بە "تەوتین"ی عێراقی کەوتە واری جێبەجێ کردن. بەلآم حکوومەتی عێراق وەک کارتی فشار و بیانوو لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی دەیەوێت کار بە "تەوتین" بکات و بەشداری چەند بانکێک کە لقییان لە هەرێمی کوردستان نیە و پێویستە مووچەخۆران سەردانی بنکەی سەرەکی ئەم بانکانە بکەن، ئەمەش بارگرانی دەخاتە سەرشانی مووچەخۆران لە رووی تێچوو و کات.
"لەلایەکی ترەوە ئەم بانکانەی حکوومەتی عێراق دیاری کردوون لەلایەن خەزێنەی ئەمەریكاوە تێبینیان لەسەرە لە ناردنە دەرەوەی دۆلار بۆ وڵاتانی تر و تێوەگلان لە گەندەڵی بەتایبەت دزی سەدە کە ماوەیەک بەر لە ئێستا رووی دا لە عێراق، لە ئەگەری تێوەگلانی زیاتری ئەم بانکانە لە کاری گەندەڵی و ناردنە دەرەوەی دۆلار بۆ ولاَتانی تر کە لایەن ئەمریکاوە بە چڕی چاودێری دەکرێت ئەگەری رووبەرووبونەوەی سزای زیاتر هەیە لەم بارودۆخەشدا بەشداربووان سەرجەم هەژمارەکانیان بلۆک دەبێت و ناتوانن کار بەم هەژمارە بانکیانە بکەن.
وەڵام بدەوه