گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاند، حکوومەتی هەرێم هەموو مەرجەکانی عێراقی بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی چوار دابینکردووە و "جێگەی سەرسوڕمانە" بۆچی حکوومەتی عێراق هەتا ئەمڕۆ"شەشی ئایاری 2024" مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی دابین نەکردووە.
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەوەی داواکاری عێراق بوو لە کوردستان، کوردستان هەمووی جێبەجێ کرد هەر لە لیستی ناوی چواری تا لیستی هێزە ئەمنیەکان کە ڕێککەوتنی لەسەر کرا و بە کۆد نێردرا بۆ بەغدا، ئیدی نازانین عێراق چی دەوێت لە کوردستان و جێگای پرسیارە. گەر ئەمە بابەتێکی سیاسی نەبێت بۆ دواکەوتنی مووچە چی لێکدانەوەیەکی تری بۆ دەکرێت؟"
گوتیشی "بۆ مانگی چوار دوو ڕێکار هەبوو ئێمە هەردووکیمان گرتووەتەبەر: یەکەم، ناردنی لیستی مووچە، دووەم تەرازووی پێداچوونەوە. ئێمە دوو هەفتە لە مەوبەر هەموو ئەم داواکاریانەمان ناردووە، بەڵام بە داخەوە ئەوەی لای ئێمە جێگای سڕمانە ئێستا عێراق موبەریری چییە کە مووچەی فەرمانبەرانی دواخستووە لە کاتێکدا دەبینین کە لەوێ [سنوورەکانی دەستەڵاتی حکوومەتی عێراق] مووچە دراوە و کێشەی نەختینە نییە."
هونەر جەمال گوتیشی، "لیستی مووچەمان ناردووە و وردبینی کراوە، ئیدی بیانووی چییان هەیە نازانین. بۆیە نابێت مووچە ببەسترێتەوە بە هیچ کێشەیەکی ترەوە، ئێمە لەسەرووی هەموو کێشەکانەوە دەرگامان کرایەوە لە مەسەلەی داهاتی ناوخۆ و توومانە، 'فەرموون بەسەرچاو هەرچی داهاتی فیدراڵی هەیە ئامادەین ڕادەستی بکەین لە مەسەلەی تەوتینن ئەوە هەژماری مننمان هەیە هیچ گرفتێکی دروست نەکردووە و گرفتێکی تەکنیکی و یاسایی لەسەر پرۆژەکە نیە.' بەو هیوایەین مەبەستەکەیان تەنیا بۆ ئەوە نەبێت بیانەوێت جارێکی تر کێشە بۆ مووچە دروست بکەن."
وەڵام بدەوه